كوردستان پێویستی بە نزیكەی 300 ملیۆن لیتر نەوت هەیە

:: AM:10:28:15/10/2025 ‌
بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی، كوردستان پێویستی بە نزیكەی 300 ملیۆن لیتر نەوت هەیە، كەچی عێراق بڕیاری ناردنی سێ‌ ملیۆن لیتری داوە، ئەوەش تەنیا بەشی ئاوارەكانی ناو كەمپەكان ناكات.

لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری ناردنی بڕی سێ‌ ملیۆن لیتر نەوتی سپی درا، ئەو بڕەش هێندە كەمە، ناتوانرێت سوودی لێ‌ وەربگیرێت، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك ساڵان خۆی نەوت بۆ ماڵان دابین دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی تشرینی یەكەم، مەسعوود خەباتی چالاكی ناو كەمپی ئاوارەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، عێراق ئەو بڕە نەوتەی دەینێرێت، بەشی ئاوارەكانیش بە تەواوەتی ناكات.

زیاتر گوتی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوەكان، چەندان ساڵە بەهەموو شێوەیەك ئیدارەی كەمپی ئاوارەكان دەدەن و پێداویستییەكانی بۆ دابین دەكەن، چونكە تەنیا بۆ ئاوارەی كەمپەكان زياتر 30 ملیۆن لیتر نەوت پێویستە.
 
سەید فەلاح بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی كانزاكانی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بۆ دابەشكردنی نەوت بۆ هەر خێزانێك بەرمیلێكی پێ‌ بدرێت، ئەوا پێویستمان بە بڕی زیاتر لە 270 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە.

رۆژی دووشەم 13ـی تشرینی یەكەم، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندا هاتووە، لەسەر بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە ڕێگەی لیژنەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی نەوت و كانزاكان لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان، دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان ڕادەگەیەنێت.

روون كراوەتەوە، دابەشكردنی نەوت بۆ زستانی ئەمساڵ (2025 -2026) بۆ هەر خێزانێك بە بڕی 200 لیترە.

ئاماژە بەوەش كراوە، وەك هەنگاوی یەكەم، دابەشكردنی (نەوتی سپی) لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و دهۆك و ئیدارە سەربەخۆكانی سۆران و ڕاپەڕین و گەرمیان و زاخۆ دەست پێ دەكات .



وشە - رامیار جەواد