ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان

:: PM:04:05:15/10/2025 ‌

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆك وەزیران قوباد تاڵەبانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا و بە بۆنەی دەستپێكردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆك وەزیران داوای كرد هەڵمەتێكی شارستانی و لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە یاسا و ڕێنوێنییەكان بەڕێوە بچێت. سەرۆك وەزیران هیوای سەركەوتنیشی بۆ هەموو ئەو كەس و لایەنانە خواست كە دەبنە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان و داكۆكی لە مافە دەستووریی و قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەن.

تەوەری سەرەكی كۆبوونەوە، تایبەت بوو بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان، لە دوای جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، هەروەها بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هەنگاوەكانی خەرجكردنی مووچەی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەكانی تری ساڵی 2025 ی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكە و لە دووتوێی ڕاپۆرتێكدا، وردەكاریی بارودۆخی دارایی ئێستەی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری خرایەڕوو كە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی ژمێركاریی هەرێمی كوردستان بە ژمارە و داتای پێویست، سەرجەم بوارەكانی داهاتەكان و خەرجییەكان و كورتهێنانی مانگانە ڕوون كرایەوە كە لە چوارچێوەی تەرازووی پێداچوونەوە، وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی لێ ئاگادار كراوەتەوە.

پاشان هەریەك لە وەزیری دارایی و ئابووری و سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، وردەكاریی زیاتریان لەسەر ڕاپۆرتەكە خستەڕوو كە پێشتر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەكانی هەرێم ئامادە كرابوو، دوای گفتوگۆ و تاوتوێكردنی بابەتەكە، ئەنجوومەنی وەزیران لە پێناوی دابینكردنی مووچە و شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و گەرەنتیكردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان، چەندان ڕاسپاردە و پێشنیاری پەسند كرد و وەزارەتی دارایی ڕاسپێردرا بۆ دەركردنی ڕێنوێنیی پێویست بۆ ئاسانكاریی جێبەجێكردنیان، لە ناویشیاندا جێبەجێكردنی پابەندییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتی نانەوتی و پێدانی پێشینە بەم بابەتە لە پێش هەموو خەرجییەكان، تا وەزارەتی دارایی فیدراڵ هیچ شتێك نەكاتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچەی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوول و مانگەكانی دواتریش، ئێمە لە مانگی تشرینی یەكەمین و مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆیان هێشتا وەرنەگرتووە .

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حكوومەتی فیدراڵ دەكات، وەزارەتی دارایی فیدراڵ ڕاسپێرێت بە خەرجكردنی مووچەی هەرێم بەتایبەتیش وەك وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت خستیەڕوو، ڕێككەوتننامەی سێ لایەنەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، زۆر بە باشی بەبێ كەموكوڕی جێبەجێ كراوە، زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم لە بازاڕی جیهانی لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆ فرۆشراوە و داهاتەكەشی گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم