ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەردا تێدەپەڕێت، كە بەهۆی هەڵە گەورەكەی هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتییەوە، كەركووك و بەشێكی تری خاكی كوردستان لە دەست درا و چەندان كەسیش لەو رۆژەدا بوونە قوربانی، تا ئێستەش كوردستان بەدەست لێكەوتەكانی ئەو خیانەتەوە دەناڵێنێت.
رێكەوتی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017، یەكێكە لە ساتە هەرە تاریك و شوومەكان لە ڕۆژمێری مێژووی نوێی كورد، ئەم ڕووداوە هاوكاتە لەگەڵ خاڵی وەرچەرخان بۆ خواستەكانی كورد بۆ سەربەخۆیی، ناكرێت ئەوە لە بیر بكەین كە خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017، دوا بە دوای چركەساتێكی گرنگ لە قۆناغی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كورد ڕوو دەدات.
لە كاتێكدا بوو كە كورد خۆی بۆ هەنگاویكی گەورە بەرەو سەربەخۆی ئامادە كردبوو، ڕیفراندۆمی 25ـی ئەیلوولی 2017ـی بۆ سەربەخۆیی كوردستان كرد. لە 93%ـی كوردستانیان دەنگیان بە جیابوونەوە لە عێراق دا، گەلی كوردستان گەشبین بوون بەوەی كە لە كۆتاییدا گەیشتوونەتە خەونی لە مێژینەی خۆیان بۆ دەوڵەتێكی سەربەخۆ.
هەرچەندە ڕیفراندۆم ناڕەزایی بەرفراوانی عێراق و وڵاتانی دراوسێی وەك ئێران و توركیا و تەنانەت زلهێزەكانی ڕۆژئاوای لێ كەوتەوە، بەڵام ئیرادەی كورد خۆنەچێمێنانە، بانگی ئازادیی دا و سوور بوو لەسەر سەربەخۆیی كوردستان.
لە بەرەبەیانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017، هێزە عێراقییەكان و میلیشاكانی حەشدی شەعبی، پەلاماری كودستانیان دا و شاری كەركووكیان داگیر كرد، بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی بەرهەڵستكارییەكی بەرچاو ببنەوە لەلایەن بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگەی سەربە یەكێتی.
دواتر ئاشكرابوو بەتایبەتی بافڵ تاڵەبانی ئاشكرای كرد، خۆی و چەندان سەركردایەتیی تری حزبەكەی، ڕێككەوتنێكی نهێنی لەگەڵ حكوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی كردووە بۆ ئەوەی پێشمەرگەی یەكێتی بەبێ شەڕ بكشێنەوە.
ئەم ڕێككەوتنە كە بە ناوەندگیری سوپای پاسدارانی ئێران كراوە، بە سەرۆكایەتیی پافڵ تاڵەبانی و واژووی 38 ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی، كەركووك و ناوچە كوردستانییە جێناكۆكەكان ڕادەست كران و داگیر كران.
بە خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر، وێنەی بەرەی یەكگرتوویی كوردی تێكشكا و ئەو یەكڕیزییەی كە بەردی بناغەی بزووتنەوەی سەربەخۆیی بوو زۆر لاواز بوو. تەعریبكردنی ناوچە كوردییەكان بەتایبەتی لە ناوچە جێناكۆكەكان لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەر زیاتر بوو. گوندە كوردییەكان ڕووبەڕووی هەڕەشەی میلیشیا عەرەبەكان بوونەوە و زەوییە كشتوكاڵییە كوردییەكان سووتێنران و هەزاران كورد ئاوارە بوون.
حكوومەتی عێراقی كە دووپاتی لەسەر دووبارە كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانە كردووە، هیچ كارێكی نەكرد بۆ بەرگرتن لەم كارە دەستدرێژییانە و بێبەشكردنی زیاتری دانیشتووانی كورد.
لە كاتێكدا 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 ڕۆژێكی ڕەش بوو بۆ كورد، بەڵام سەرەتای واقیعێكی سیاسیی نوێ بوو لە هەرێمی كوردستاندا. ئیتر دوای ئەوە یەكێتی سنووری سلێمانی كردە شوێنی كۆبوونەوەی میلیشیا عێراقییەكان و جێبەجێكردنی ئەجێندای غەیرە كوردستانی.
پێش ئەو خیانەتە، كورد تەواوی ئەو ناوچە كوردییانەی كە 100 ساڵ بوو شەڕی بۆ دەكرد ە بەزەبری هێز گرتبوو، ساڵی 2003وە تا ڕۆژی 16 ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، پارتە كوردییەكان دەسەڵاتی تەواویان لە كەركووك و ناوچە كێشە لەسەرەكان هەبوو، بەڵام دوای ئەوە هەموو شت گۆڕا و كورد لەو ناوچانە هاتەوە خاڵی سفر.
تا ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەر، حكوومەتی عێراق هیچ پلانێكی بۆ گرتنی كەركووك نەبوو هێز بباتە ناو شاری كەركووك، بەڵكو تەنیا پلانی كۆنترۆڵكردنی بیرە نەوتییەكان و سەربازگەی كەیوەن و چەند جێگەیەكی تری هەبووە، بۆ ئەو مەبەستەش لە ناوەڕاستی ساڵی 2017 و دوای كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ، شاندێكی عێراق هاتوونەتە هەرێم و بە فەرمی داوای ڕادەستكردنی بیرە نەوتییەكانیان كردووە.
بەڵام دوای ئەو خیانەتە، هەرێم فشاری گەورەی خرایە سەر و باڵانسی هێز لە بەرژەوەندی بەغدا گۆڕا و ماوەیەك توانیان لە فشار بەدەوام بن، بەڵام دواجار توانرا سنوورێك بۆ خیانەت و خاكفرۆشان دابنرێت، بارودۆخەكەشی گۆڕا و جارێكی تر هەرێمی كوردستان بەرووی دنیادا كرایەوە و پێوەندییەكان لەگەڵ وڵاتان دەست پێ كرایەوە و فشارەكان شكێنران.