ڕێبەر ئەحمەد واژووكردنی یاداشتێكی لێكگەیشتنی نوێی لەگەڵ ڕێكخراوی GIZـی ئەڵمانی ڕاگەیاند

:: PM:01:12:16/10/2025 ‌
ڕێبەر ئەحمەد ستایشی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیای كرد، دووپاتی لە گرنگیی هاوكاری و پشتیوانییەكانی ئەو وڵاتە لە كاتە سەختەكاندا كردەوە. هاوكات واژووكردنی یاداشتێكی لێكگەیشتنی نوێی لەگەڵ ڕێكخراوی GIZـی ئەڵمانی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی تشرینی یەكەم، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێمە ڕابردوویەكی دوور و درێژ و پێوەندییەكی باشمان لەگەڵ ئەڵمانیا هەیە، جێگەی خۆیەتی هەمیشە سوپاسی پاڵپشتی و هازئاهەنگیی ئەڵمانیا و كونسوڵگەكەیان لە كوردستان بكەین، كە ڕۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لە ڕۆژانی سەختدا."

ڕێبەر ئەحمەد باسی لە پێوەندیی پتەو و پێشكەوتووی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوە ئەڵمانییەكانی وەك GIZ و THW كرد، كە لە بوارەكانی پەرەپێدانی توانای مرۆیی، هاوكاریكردنی ئاوارە و پەنابەران و پشتیوانیكردنی كەرتەكانی پەروەردە و تەندروستی ڕۆڵێكی گرنگیان بینیوە.

هەروەها  ئاماژەی بە هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی ئەڵمانیا كرد لە شەڕی دژی داعش، كە بە هاوكارییەكی "ڕاستەوخۆ و كاریگەر" وەسفی كرد بۆ پاراستنی كوردستان، پێشمەرگە و مرۆڤایەتی لە ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەم ڕێكخراوانە لە ڕێگەی "ناوەندی هازئاهەنگیی قەیرانەكان" (JCC)ـەوە چەندان پڕۆژەی گرنگیان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان جێبەجێ كردووە، وەك پرۆگرامەكانی "قودرە" و "كاش فۆر وۆرك" پارە بەرانبەر كار كە جێگەی دەستخۆشییە.

"ئەمڕۆ جارێكی تر لێكگەیشتنێكی تر واژوو كرا كە بۆ یەكەمجارە ڕێكخراوی GIZ، یاداشتێكی لەم شێوەیە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ واژوو دەكات، ئەمەش وەك نیشانەیەك بۆ قووڵكردنەوەی زیاتری پێوەندییەكان".



وشە - سۆران عەزیز