شاندێكی مەسیحی بۆ نێچیرڤان بارزانی: سوپاس كە كوردستان شوێنی پێكەوەژیانە

:: PM:05:16:16/10/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە قەداسەتی پاتریارك مار ئەغناتیۆس ئەفرامی دووەم، پاتریاركی كەنیسەی سریانیی ئەرتۆدۆكسی و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ژمارەیەك لە مەتران و قەشە و پیاوانی ئایینیی كەنیسەكە لە سەرانسەری دنیا، پێكهاتبوو.

لە دیدارێكدا قەداسەتی پاتریارك و شاندی یاوەری،‌ باسیان لە ئامانجی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان كرد كە بۆ كردنەوەی دوو كەنیسە بوو، یەكێكیان لە هەولێر و دووەمیان لە دهۆك.

لەمبارەیەوە سوپاسی هاوكاری و پشتگیریی نێچیرڤان بارزانی و هەرێمی كوردستانیان بۆ كۆمەڵگەی مەسیحی كرد بەتایبەتی لە كاتە سەختەكان و سەردەمی ئاوارەبوونی مەسیحییەكان و پێكهاتەكانی ترە لە كاتی شەڕی دژی داعشدا، هەروەها ستایشی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتەكانیان لە هەرێمی كوردستان كرد.

لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە كوردستان بێ جیاوازی، نیشتمانی هەمووانە و شانازی بە پێكەوەژیانەوە دەكەن، هەروەها دڵنیای كردنەوە كە هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە برەوپێدان و فراوانكردن و پاراستنی كولتووری پێكەوەژیان و لێبوردەیی و فرەیی. هەروەها گوتی، مەسیحییەكان پێكهاتەیەكی ڕەسەنی ئەم وڵاتەن‌ و پێكەوە هەمووان لە ئەرك و مافەكاندا یەكسانن.

دۆخی كەنیسەكە و شوێنكەوتووانی لە هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان، تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم