كوردستان وازی هێنا و عێراق زیانی ساڵانەی چوار ملیار دۆلارە

:: AM:10:23:18/10/2025 ‌
كوردستان بەرەو داخستن و هەڵگرتنەوەی تەواو موەلیدەكان دەچێت، بەڵام لە عێراق بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە، تا كۆتایی ساڵی 2026 سەرجەم موەلیدەكان بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی لە ئەپڵیكەیشنێك تۆمار دەكرێن. بەرپرسێكیش دەڵێت، زیانی ئەو موەلیدانە ساڵانە چوار ملیار دۆلارە بۆ عێراق.

كەرتی كارەبا و پشتبەستن بە موەلیدە ئەهلییەكان، یەكێكە لە گەورەترین كێشە ئابوورییەكانی عێراق، لە كاتێكدا هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی پڕۆژەی رووناكییەوە، نەك تەنیا چارەیەكی ناوخۆییە، بەڵكو دەتوانێ ببێتە مۆدێلێك بۆ ناوچەكانی تری عێراق بە مەبەستی كەمكردنەوەی زیانە ئابوورییەكان و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتییان.

عەزیز ئەحمەد جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) نووسیویەتی، ئەو موەلیدانەی كە بە گاز كار دەكەن، ساڵانە دەبنە هۆكاری ئەوەی عێراق چوار ملیار دۆلار زیان بكات.

جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی لەوە كردەوە، لە هەرێمی كوردستان بەهۆی پڕۆژەی رووناكییەوە، تا ئێستە سێ هەزار و 500 لەو موەلیدانەی بە سووتەمەنی كار دەكەن كوژێنراونەتەوە.

عێراق سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتە و بانگەشەی دامەزراوەیی دەكات، بەڵام كێشەی كارەبا یەكێكە لە كێشە بنەڕەتییەكانی ئەو وڵاتە و حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی، بەشێوەیەك ئێستە لە زۆربەی ناوچەكانی عێراقدا، ڕۆژانە تەنیا چوار سەعات یاخۆ زیاتر كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان دەدرێت. 

حكوومەتی عێراق و پارێزگای بەغدای پایتەخت، تازە بە تازە بڕیاریان داوە موەلیدە ئەهلییەكان لە ڕێگەی ئەپڵیكەیشنێكەوە بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم كارەكانیان، بكەنە ئەلیكترۆنی ئەو بەرنامەیەش بۆ ئەوەیە تا كۆتایی ساڵی 2026، سەرجەم موەلیدەكانی عێراق تۆمار بكرێن. 

ئەنجوومەنی موەلیدەكان چەند بڕیارێكی دەركردووە بۆ ڕێكخستنی كاركردنی موەلیدەكانی ئەپڵیكەیشنێك بە ناوی (موەلیدەی من)، لەسەر مۆبایل دادەنرێت، لە ڕێگەیەوە سەرجەم زانیارییەكانی پێوەست بە نرخی ئەمپێرێك و سەعاتەكانی كاركردن دادەبەزێنرێت. هاوكات چەند سیستمێك لەخۆ دەگرێت، تایبەتن بە كارپێكردنی موەلیدەكان و یەكێك لەوانە سیستمی (زیرەكی موختار)ـە، ئەویش تایبەتە بە موختاری گەڕەكەكانی بەغدا ڕێگەیان پێ دەدات بەشداران تۆمار بكەن و بەڵگەنامەكان بار بكەن.

قەیرانی كارەبا یەكێكە لە خراپترین كێشەكان، لە ساڵی 2003ـەوە عێراقییەكان بە دەستییەوە گرفتارن، بەپێی راپۆرتە میدیاییەكان زیاتر لە 160 ملیار دۆلار بۆ كەرتی كارەبا خەرج كراوە، بەڵام نەتوانراوە یەك سەعات كارەبای نیشتمانی بۆ عێراق زیاد بكرێت.

 سەرەڕای ئەوەی حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكان بودجەیەكی زەبەلاحیان بۆ ئەو كەرتە خەرج كردووە، لەگەڵ ئەمەشدا دەیان گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكان بۆ باشتركردنی دۆخی كارەبا واژوو كردووە، بەڵام هەموو ئەو رێككەوتن و گرێبەستانە نەیانتوانیوە كێشەی بێ كارەبایی بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا چارەسەر بكەن.



وشە - رامیار جەواد