ئەمڕۆ ڕێگەی گۆمەسپان- سماقوڵی لەلایەن مەسروور بارزانییەوە دەكرێتەوە

:: AM:08:40:19/10/2025 ‌
ئەمڕۆ یەكشەم ڕێگەی گۆمەسپان- سماقوڵی لەلایەن مەسروور بارزانییەوە دەكرێتەوە، رێگەكە ستراتیجییە و  گۆڕانكاری لە گەیشتن بەهەولێر دروست دەكات و ژیانی هاووڵاتییانیش پارێزراو دەكات.


جووتسایدی گۆمەسپان– سماقوڵی، ڕێگەیەكی ستراتیجییە و یەكێك لەو ڕێگە سەرەكییەكانی گەیاندنی پارێزگای هەولێر بە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین.

لە كابینەی نۆدا بایەخێكی زۆر بە رێگەی نێوان شار و شارۆچكەكان درا، بەمەش توانرا زۆر رێگەی ستراتیجی بنیات بنرێت كە چەندان ساڵ بوو خەڵكی كوردستان پێویستیان پێی بوو. كابینەی نۆ ئەو ئەركە گەورەیەی جێبەجێ كرد.

د. ئاگرین عەبدوڵَا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ڕای گەیاند، جووتسایدی گۆمەسپان– سماقوڵی ڕێگەیەكی سەرەكییە و بەشێكە لە شادەماری ڕێگەوبان لە هەرێمی كوردستان.

ڕێگەكە كە بە دەوری بەنداوی گۆمەسپان لە نێوان چیایەك و بەنداوێك دروست كراوە، چوارڕییانی گۆمەسپان بە ڕێگەی سماقوڵی دەبەستێتەوە.

 زیاتر لە 600 ئامێر و دوو هەزار دەستی كار، بە هەردوو شەفتی شەو و ڕۆژ، هێمن گرووپ كاری لە پڕۆژەكە كردووە و لە ماوەی ساڵێكدا كارەكانی تەواو كردووە. پڕۆژەكە كاریگەریی لەسەر بواری گەشتیاری و ئابووری و بازرگانیی هەرێمی كوردستان و ناوچەكە دەبێت، ڕێگە كۆنەكەش بەشێكی كەوتووەتە ژێر ئاوی بەنداوەكە، بەشێكی تریشی لەگەڵ پڕبوونی بەنداوەكە، ئەویش دەكەوێتە ژێر ئاو.

ڕێگەی بەنداوی گۆمەسپان- سماقوڵی 24 كیلۆمەتری دووسایدە، زیاتر لە 10 ملیۆن مەتر سێجا، كاری بڕین و پڕكردنەوە لە شوێنە زۆر سەختەكان ئەنجام دراوە، شەش ژێر پرد و سێ بەرزە پرد و 70 ئاوبەری سندووقی لەگەڵ تەواوی پێكهاتەكانی ڕێگە وەك دیواری پاڵپشت و پەرژین و هێماكانی هاتوچۆ و هێڵكاری لەخۆ دەگرێت.

پڕۆژەی ڕێگەی بەنداوی گۆمەسپان- سماقوڵی، بە 210 ملیار دینار، بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك پڕۆژەیەكی ستراتیجیی بواری ڕێگەوبان لە هەرێمی كوردستان و بەستنەوەی شار و ناوچەكان بە یەكتر، جێبەجێ  كراوە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامانجی دروستكردنی ژێرخانێكی بەهێزی ڕێگەوبان، زیاتر لە 700 پرۆژەی ستراتیجیی ڕێگەوبانی لە نێوان شار و گوند و پارێزگاكان دروست كردووە.



وشە - سۆران عەزیز