وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕوونكردنەوەیەك بۆ خێزانی ئەو هاونیشتمانیانەی كە لە لیبیا گیریان خواردووە بڵاو دەكاتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی تشرینی یەكەم، لە روونكردنەوەیەكی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك وەزیران، تایبەت بە هێنانەوەی ئەو گەنجانەی لە لیبیا گیریان خواردووە، خێزانە بەڕێزەكانیان دڵنیا دەكەینەوە كە هەر لە سەرەتای بارودۆخەكەوە تیمێكی تایبەت لە وەزارەتە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە، ڕاسپێردراون بۆ تەواوكردنی سەرجەم ڕێكارەكانی ڕزگاركردنیان لە لیبیا و گەیاندنەوەیان بەسەلامەتی بۆ هەرێمی كوردستان.
ئاماژە بەوەش كراوە، لێرەوە ئێوە دڵنیا دەكەینەوە كە لە ماوەی هەفتەیەكدا پشتیوان بە خوا، ڕێكارە پێویستەكان تەواو دەبن و ئەو گەنجانە دەگەنەوە هەرێمی كوردستان.
ئاماژە بەوەش دراوە، داوا لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكەین كە نەبنە هۆكاری برینداركردنی هەستی خێزانی بەڕێزی ئەو هاونیشتمانیانە و هەواڵی بێ بنەما و دوور لە ڕاستی بڵاو نەكەنەوە.