پارتی لە قەراج بارەگا دەكاتەوە و خەڵكی ناوچەكە پێشوازیی لێ دەكەن

:: PM:01:30:19/10/2025 ‌
بۆ یەكەمجار لە دوای 16ـی ئۆكتۆبەرەوە، پارتی بارەگای لە شارەدێی قەراجی سەربە شارۆچكەی مەخموور دەكاتەوە.

هەشت ساڵە پارتی لە سنووری قەراج بارەگای نەبووە، بەڵام وەك بەرپرسی لقەكەی دەڵێت: بەردەوام لە سنوورەكە بوون و لەگەڵ خەڵكدا هەن و بەدەم كێشەكانیانەوە چوون.

ئەمڕۆ یەكشەم  19ی تشرینی یەكەم،  پارتی لە سنووری قەراج بارەگایەكی گەورە بەئامادەبوونی خەڵكێكی زۆر دەكاتەوە.

سەنگەر كانەبی بەرپرسی لقی 23ـی قەرەچووخی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشە" رای گەیاند، ئەو چەند ساڵە پارتی بارەگای نەبووە، بەڵام بەردەوام لەگەڵ خەڵك و لەناو خەڵكدا بووە و هەمیشەش لەگەڵ خەڵكی سنوورەكە دەمێنێتەوە.

ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوە دا كە حزبەكەی زۆر بایەخ بە بارەگا نادات، ئەوەی جێی بایەخی پارتییە كاركردنە بۆ خەڵكی سنوورەكە.

بەگوتەی چاودێران، تاكە هێز كە میلیشیاكان و دەسەڵاتدارانی بەغدا لێی دەترسن، كردنەوەی بارەگای پارتییە، دەزانن چوونەوەی پارتی بۆ ئەو سنوورانەی دوای 16 ئۆكتۆبەر، هێز و تین بەخەڵكی ناوچەكە دەدات و كوردایەتی و خۆنەچەماندن بەرز دەبێتەوە، بۆیە هەمیشە لەمپەر لە كردنەوەی بارەگای پارتی دروست دەكەن. 

لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، سەرجەم بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەشێكی زۆری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەستیان بەسەردا گیرا.

ئەگەرچی پارتی بەشێكی لەو بارەگایانە پێشكەشی دامەزراوە مەدەنییەكانی سنوورەكە كرد، لەسەر داوای كادران و ئەندامانی، بارەگای نوێ دەكاتەوە و لە هەموو ئەو سنوورانەدا بەگوڕوتینێكی نوێوە دەستبەكار دەبێتەوە.

بەرپرسی لقی 23ـی قەرەچووخی پارتی باسی لەوەش كرد، بانگەشەی هەڵبژاردنەكانمان لە سنوورەكە سەرەڕای لەمپەرەكان بەردەوامن، خەڵك هەموو لەگەڵ پارتین و دەزانن تاكە هێزە دەتوانێت بەرگریی لە كوردبوونیان بكات.

پارتی دەنگەكانی لە مەخموور و شارەدێكانی بەسەر بازنەی هەولێر و نەینەوا دابەش بوون،  لە بازنەی مەخموور چوار بەربژێری پارتی هەن.

بەگوتەی بەرپرسی لقی قەرەچووخی پارتی، عەرەب و نەتەوەكانی تری سنوورەكەش دەنگ بەپارتی دەدەن و پارتییان پێ رەسەنترین هێزی ناوچەكەیە.

ئاماژەی بەوەش كرد، لە كابینەی نۆدا خزمەتێكی زۆری جووتیارانی سنوورەكە كراوە و ئەوەش وایكردووە خەڵك هاوسۆزییەكی زۆریان بۆ پارتی هەبێت.



وشە - سۆران عەزیز