مەسروور بارزانی: پێنج هەزار كیلۆمەتر شەقامی ستراتیجی لە دەرەوەی شار دروست كراوە

:: PM:06:14:19/10/2025 ‌
مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، حكوومەت توانیویەتی زیاتر لە پێنج هەزار كیلۆمەتر شەقامی ستراتیجی لە دەرەوەی شارەكاندا دروست بكات. 

دوای كردنەوەی جووتسایدی سماقوڵی كە بە كەمتر لە ساڵێك كارەكانی تەواو بوو، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە X رای گەیاند، دوای ساڵێك لە بەڵێنەكەمان، دووسایدی (گۆمەسپان - سماقووڵی)ـمان بە گوژمەی 210 ملیار دینار كردەوە، كە پارێزگای هەولێر بە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دەبەستێتەوە.

دووپاتی كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لە كاروانی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و گەشەپێدانی سێكتەرەكانی ڕێگەوبان.

سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەڵێ‌، "سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی بۆ ئابووری و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن، توانیوومانە زیاتر لە پێنج هەزار كیلۆمەتر شەقامی ستراتیجیی دەرەوەی شارەكان دروست بكەین".

ڕۆژی 16ـی تشرینی یەكەمی 2024، سەرۆك وەزیران مەسروور بارزانی لە ڕێوڕەسمێكدا بەردی بناغەی دووسایدی گۆمەسپان - سماقووڵیی دانا، كە ڕێگەیەكی یەكساید و بەرتەسك بوو، بەڵام لە دوای کەمتر لە ساڵێك تێپەڕبوون بەسەر دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەكە، ئەمڕۆ یەكشەم لە ڕێوڕەسمێكدا دووسایدەكە لەبەردەم هاتوچۆی هاووڵاتییان كرایەوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم