كەسێك هاوشێوەی سلێمان هەڵشۆیی دوو ملیۆن دۆلاری خەڵكی برد

:: PM:01:20:20/10/2025 ‌
كەسێك لە سنووری پشدەر هاوشێوەی سلێمان هەڵشۆیی، پارەیەكی زۆری هاووڵاتییان دەبات و نایانداتەوە، بە گوتەی خۆیان ئەو بڕە پارەیە زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلارە.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی تشرینی یەكەم، عەلی عومەر یەكێك لە خاوەن قەرزەكانە، بە "وشە"ـی راگەیاند، هاووڵاتییەك لە سنوورەكەمان پارەیەكی زۆری لە هاووڵاتییان وەرگرتووە، ئەوەش بەناوی دامەزراندنی كارگەیەكی مس.

باسی لەوەش كرد، ئەو كەسە ناوی "محەمەد"ـە، جگە لە وەرگرتنی پارە، هەستاوە بە وەرگرتنی پارە و فەرش و ماڵ و هەموو شتێكی وەرگرتووە، كۆی گشتیی پارەكە ئەگەر هەمووی وەربگیرێت و كۆ بكرێتەوە، دەگاتە نزیكەی دوو ملیۆن دۆلار.

روونی كردەوە، ئێستە ئەو كەسە گیراوە لە دادگای قەڵادزێ‌، بۆیە داواكارین هیچ كەسێك دەستوەردان نەكات و ئەو هەقەمان وەك خۆی بێت و ئەو كەسە دادگایی بكرێت، ئەوەش سێ‌ ساڵە هاتوچۆمان پێ‌ دەكات و پارەكەمان ناداتەوە.

هاوكات "وشە" بەدواداچوونی زیاتری كرد، دەركەوت ئەو كەسە هیچ مۆڵەتێكی وەبەرهێنانی نییە بۆ دروستكردنی ئەو كارگەیە، بەڵكو زەوییەكی لە چۆڵەوانی دیاری كردووە و گوتوویەتی ئەو شوێنە دەكەم بە كارگە. 





وشە - رامیار جەواد