سەرۆك بارزانی رای گەیاند، ئێمە بۆیە هەڵبژاردن دەكەین تا خەڵك مافی هەڵبژاردنی حزب و كاندیدی خۆی هەبێت، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجامەكەی هەر پەنجا بە پەنجا بێت، كەوایە بۆچی هەڵبژاردنمان كرد؟.
ساڵێك لەمەوبەر و لە 20.10.2024، هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا، تێیدا هەزار و 190 كاندید و لیست و قەوارە كێبەركێی بەدەستهێنانی 100 كورسیی پەرلەمانیان كرد .
ژمارەی كورسییەكانی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە 100 كورسی پێكهاتووە كە 95 كورسی بۆ گشتییە و پێنج كورسییەكەی تر بۆ كۆتاكان دیاری كراوە.
پارتی زۆرترین كورسیی پەرلەمانی بەدەست هێنا كە 39 كورسی بوو، یەكێتی 23 كورسی، نەوەی نوێ 15 كورسی، یەكگرتووی ئیسلامی حەوت كورسی، ڕەوتی هەڵوێست چوار كورسی، كۆمەڵی دادگەری سێ كورسی، بەرەی گەل دوو كورسی، هاوپەیمانی هەرێمی كوردستان یەك كورسی و گۆڕان یەك كورسی.
سەرۆك بارزانی ئەمڕۆ دووشەم 20ی تشرینی یەكەم، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ رۆژنامەنووسان و راگەیاندنكاران و هونەرمەندانی پارتی رای گەیاند، ئەگەر بڕیار بێت هەڵبژاردن ئەنجامەكەی هەر پەنجا بە پەنجا بێت، پێویست نییە هەڵبژاردن بكرێت.
سەرۆك بارزانی باسی لەوە كرد، هەڵبژاردن مافی خەڵكە و شەرعییەتدانە بە دامەزراوەكان، ئەم پرۆسەیە بۆ كوردستان پێویستە و كوردستان لە زۆر كێشە دەپارێزێت.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر بڕیارە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كە ئەوە ساڵێك بەسەریدا تێپەڕیوە، هەر پەنجا بە پەنجا بێت، كەوایە با برادەران بچن وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەكگرتووەكان رازی بكەن و بڵێن ئێمە وا كوردستان بەڕێوە دەبەین و چ پێویست نییە هەڵبژاردن بكرێت.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، یەكێتی بوونەتە لەمپەر لە بەردەم پێكهێنانی كابینەی 10ی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەو رێژە دەنگەی بەدەستیان هێناوە، داوای زیاتر دەكەن.
پارتی لەم چەند ساڵەدا هەمیشە قوربانیی بە رێژەی كورسییەكانی داوە تا بتوانرێت حكوومەتی هەرێم پێكبهێنرێت و قەوارەی هەرێم پارێزراو بێت، لە هەڵبژاردنی یەكەمدا پارتی 51%ی دەنگەكانی هێنا و یەكێتی 49%، بەڵام پارتی لە پێناو پاراستنی هەرێمی كوردستان رازی بووە بە پەنجا بە پەنجا.
لە هەموو هەڵبژاردنەكان پارتی بە رێژەیەكی زۆر لە پێش یەكێتییەوە دەنگی هێناوە، بەڵام هەر حكوومەت بە پەنجا بە پەنجا بەڕێوە براوە، ئێستەش جارێكی تر یەكێتی هەمان داوای هەیە.