دوا مۆڵەت بۆ پێكهێنانی حكوومەت درایە یەكێتی

:: PM:07:10:20/10/2025 ‌
هەرچەندە رێككەوتن لەسەر كارنامەی حكوومەتی داهاتووی كوردستان لەنێوان پارتی و یەكێتی كراوە، بەڵام لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان كێشە هەیە و یەكێتی نایەوێ‌ تا دوای هەڵبژاردن بۆ پێكهێنانی حكوومەت هەنگاوی تر بنێت. 

ئەمڕۆ دووشەم، 20ی ئۆكتۆبەر، سەرچاوەیەكی ئاگەدار بە "وشە"ی راگەیاند، بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی كوردستان پارتی دوا پەیام دەداتە یەكێتی، كە تەنیا 20 رۆژیان لە بەردەم ماوە تا بێن و حكوومەت پێكبهێنرێ‌. 

سەرچاوەکە ڕوونیشی كردەوە، یەكێتی كێشەی لەسەر پۆستی وەزارەتی ناوخۆ دروست كردووە، جیا لەوە دەیانەوێ‌ ئەنجامی هەڵبژاردن نەكرێتە پێوەر بۆ دابەشكردنی پۆستەكان، بەڵام پارتی ئەوەی قبووڵ نەكردووە. 

سەرچاوەكە گوتی، یەكێتی دەیەوێ‌ تا دوای هەڵبژاردن هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەت بوەستێ‌، بەڵام ئەوە لای پارتی قبووڵ كراو نییە و دەبێت لە ماوەی ئەو 20 رۆژەی پێش هەڵبژاردن ماوە هەنگاوی تر بنرێت، ئەگینا دوای هەڵبژاردن پارتی هەڵوێستی تری دەبێت. 

هەر ئەمڕۆیش، سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان رای گەیاند، لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن داوامان لە هەموو لایەنەكان كرد حكوومەتی بنكەفراوان دروست بكرێت، بەڵام هەندێكیان نەهاتن و هەندێكیان گوتیان دەبینە ئۆپۆزسیۆن، ئەمە مایەوە لە نێوان پارتی و یەكێتی. سەرۆك بارزانی رای گەیاند، لەسەر بەرنامەی كاری حكوومەت رێككەوتنی زۆر باش كراوە و بەرنامەیەكی زۆر رێكوپێكە، پێویستە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن لەبەرچاو بگیرێت و هەر لایەنە بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردنی خۆی پۆست وەربگیرێت، هیوای خواست كە لەسەر ئەمەش رێككەوتن بكرێت و بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێنرێت.


وشە - وشه‌