كارگەی زەیتی زەیتوون لە هەولێر داخرا كە ڕۆنی چێشتی تێدەكرد

:: PM:02:04:21/10/2025 ‌
لە هەولێر دەست بەسەر كارگەیەكی زەیتی زەیتووندا گیرا كە بەساختە بەرهەمەكانی دەخستە بازارەوە، "ڕۆنی چێشتی ئاسایی لەگەڵ ڕەنگ و بۆنی تایبەتی تێكەڵ دەكرد".

ئەمڕۆ سێشەم 21ـی تشرینی یەكەم، هێزەكانی ئاسایشی هەولێر، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ژووری چاودێریی بازرگانی و لیژنەكانی قایمقامییەت، دەستیان بەسەر كارگەیەكی بێ مۆڵەتی زەیتی زەیتووندا گرت و سێ كەسیشیان گرت.

كارگەكە لە هەولێر دەكەوێتە نزیك گوندی گەزنە، چەندان كاری ساختەی كردووە و لەوانە ڕۆنی چێشتی ئاسایی لەگەڵ ڕەنگ و بۆنی تایبەت، تێكەڵی زەیتی زەیتوون كردووە و وەك زەیتی زەیتوونی سروشتی فرۆشتوویەتی.

كارگەكە ناوی "زەیتی زەیتوونی ئەبو حوسێن"ە و بە ناوی شەقڵاوە بەرهەمەكانی دەخستە بازاڕەوە. شوێنەكەشیان لە دووریی خەڵك بووە و  بەنهێنی كاریان تێدا كردووە.

هۆگر عەلی بەڕێوەبەری ژووری بازرگانیی هەولێر ڕای گەیاند، ئەم بەرهەمە هیچ مەرجێكی تەندروستیی تێدا نییە و بە هیچ شێوەیەك شیاوی خواردن نییە. هاوكات داوای لە خاوەن دوكان و ماركێتەكانیش كرد، بە زووترین كات ئەم جۆرە زەیتە لەسەر ڕەفەكانیان لاببەن و هۆشداریی دا لە كڕینی ئەو بەرهەمانەی لەناو كارتۆنی سپی و بێ ناسنامەدا دەفرۆشرێن.




وشە - سۆران عەزیز