محەمەد كەمال: خەڵكی كەركووك هەڵوێستی پارتی و گەڕاندنەوەی ئاڵای كوردستانیان لەبەرچاوە

:: PM:06:39:22/10/2025 ‌
بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، دووپاتی لەسەر سەركەوتنی حزبەكە لەو شارەدا كردووە و بۆ ئەوەیش پێی وایە، كە كاندیدەكانی پارتی بە هێزن و خەڵكی شارەكەیش هەڵوێستەكانی ئەو حزبەیان بیرە. 

ئەمڕۆ چوارشەم 22ی ئۆكتۆبەر، محەمەد كەمال بۆ "وشە" گوتی، ئومێدێكی گەورەمان هەیە كە لە كەركووك دەنگەكانی پارتی بەشێوەیەكی بەرچاو زیاد بكات، چونكە دۆخی شارەكە بەراورد بەپێشوو جیاوازە. 

هەروەك دووپاتی كردەوە كە بە هاتنەوەی مەكتەبی رێكخستنی پارتی دۆخی شارەكە چووە قۆناغێكی تر بەتایبەت خەڵكی شارەكە هەڵوێستی پارتیان لەبەرچاوە كە چۆن ئاڵای كوردستانی گەڕاندەوە. 

ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە كاندیدەكانی پارتی لە كەركووك بە توانان و كە دەچنە بەغدا پارێزگاری لە هەموو پێكهاتەكان دەكەن و ناچن بۆ ئەوەی ئاستەنگ لەبەردەم پڕۆژەكانی كورد دروست بكەن. 

پارتی دیموكراتی كوردستان بە ژمارە 275 بەشداری لە هەڵبژاردن كردووە و چاو لەوەیە كە لە كەركووك دەنگێكی زۆر بە دەست بێنێت. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم