مەسروور بارزانی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە دەخاتە خزمەتی هاووڵاتییان

:: AM:09:15:23/10/2025 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە بكرێتەوە، بەهۆیەوە قوشتەپە و 73 گوندی سنوورەكە واز لە بەكارهێنانی ئاوی بیرەكان دەهێنن و بۆ دەیان ساڵی تر كێشەی ئاو لەو سنوورە چارەسەر دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ـی تشرینی یەكەم، بڕیارە ئەمڕۆ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پرۆژەی ئاوی قوشتەپە بكاتەوە و بیخاتە خزمەتی هاووڵاتییان.

 ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە ئێستە ئامادەیە، بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە ئاوی خاوێن بۆ قەزای قوشتەپە و شارەدێی بێستانە و نزیكەی 73 گوند تەرخان دەكرێت.

زیاتر گوتی، ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگە و لە سنووری قەزای قوشتەپە، 165 هەزار كەس لەم پڕۆژەیە سوودمەند دەبن.

ساڵی رابردوو مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی ئاوی قوشتەپەی دانا كە بە گوژمەی 222 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت، سنووری قوشتەپە كە قووڵیی بیرەكان تێیدا گەیشتبووە زیاتر لە 500 مەتر رزگاریان دەبێت لە بێ‌ ئاوی.



وشە - رامیار جەواد