كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی سلێمانی دووپات لەوە دەكاتەوە، پارێزەری قەوارەی كوردستان دەبن و دەبێت عێراق تەواوی مافەكانی خەڵكی كوردستان بەگوێرەی دەستوور بدات.
ئەمڕۆ پێنجشەم، 23ی ئۆكتۆبەر، د. بارزان عوسمان گەڵاڵی، كاندیدی لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی بۆ "وشە" گوتی، بۆ بەرگری لە قووت و ژیانی خەڵكی كوردستان دەچنە بەغدا، دەبێت هەموو مافەكانی كوردستان كە چەندان ساڵە زەوت كراوە بدرێتەوە.
ئەو كاندیدەی پارتی كە كوڕی شەهیدی فەرمادە عوسمان گەڵاڵییە، هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرایە لە زانستە سیاسییەكان، پێی وایە كە چەقی ململانێ و سەنگەری بەرگری؛ پەرلەمانی عێراقە، بۆیە پێویستە پارتی لەوێ بەهێز بێت بۆ ئەوەی كوردستان بەهێز بێت.
د. بارزان گەلاڵی، کاندیدى ژمارە 34ە و دووپاتی لەوە كردەوە، لە بەغدا سەنگەری دەستوور دەگرن و هەموو مافەكانی كورد بەدەست دێننەوە.
جێی ئاماژەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان بە ژمارە 275 بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كردووە.