ترەمپ: زۆر نزیكین لە ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی سعوودیە و ئیسرائیل

:: AM:09:22:24/10/2025 ‌
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا،  پێشبینی كرد كەوا ڕێككەوتنێكی ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل زۆر نزیكە لە واژووكردن، ئاماژەی بەوەشدا كە ڕیاز پێشەنگ دەبێت لەم بوارەدا.

ترەمپ لە لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری "تایم" گوتی، پێموایە زۆر زۆر نزیكین، پێموایە شانشینی عەرەبستانی سعوودیە پێشەنگ دەبێت لەم بوارەدا. ڕێزێكی گەورەم بۆ پادشا هەیە، وەك دەزانن و پێوەندییەكی نایابمان هەیە و پێموایە سعوودیە لە ڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانە دەبێت كە پێوەندی بە ڕێككەوتنەكانی ئیبراهیمەوە دەكەن.

زیاتر گوتی، ئەمە كارێكی زۆر گەورەیە. سەبارەت بە ڕێككەوتنەكانی ئیبراهیم،  بایدن هیچ شتێكی لەبارەوە نەكرد جگە لەوەی كە سەختتری كرد. و دەزانن چییە؟ شتە سەرسوڕهێنەرەكە ئەوەیە كە چوار ئەندامەكەمان پاراست، چونكە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكانی ئیبراهیمدا ئەنجامی نایاب بەدەست دەهێنن، كەسیان نەكشاونەتەوە. بەڵام لە جیاتی چوار ئەندام، دەمانتوانی لە ماوەی شەش مانگدا هەمووان پێوەندییان پێوە بكەن.

سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، بەڵام ئێستا كارەكە ئاسانتر بووە، تەنانەت باشتر. سەیری بكەن، هەڕەشەی ئێرانمان لەسەر بوو. بۆیە هەموو ڕێزێكم بۆ ئەو چوار ئەندامە هەیە كە پێوەندییان كرد، چونكە ئەوان ئەو كارەیان كرد لە كاتێكدا بە تەواوی ئاگاداری هەبوونی هەڕەشەی ئێران بوون. بیری لێ بكەنەوە، وانییە؟ بۆ نموونە، ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی پێوەندی كرد لە كاتێكدا بە باشی دەیانزانی كە ئێران لەو كاتەدا لە لووتكەی هێزی خۆیدا بوو.

درێژەی دا بە قسەكان و گوتی، بەڵام ئێستا، چیتر هەڕەشەی ئێران لە ئارادا نییە. چیتر هیچ هەڕەشەیەك نەماوە. ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. و پێموایە ڕێككەوتنەكانی ئیبراهیم بە خێراییەكی زۆر دەست بە فراوانبوون دەكەن. تەنانەت من بە دڵنیاییەوە ئەوە دەزانم.


وشە - پۆڵا مەحموود