کاوە قەرەداغی: پارتی ڕێگرە لەوانەی دەیانەوێت ئایندەی نەوەکانمان بخەنە مەترسییەوە

:: AM:09:55:24/10/2025 ‌
کاوە قەرەداغی کاندیدی ژمارە 30ی لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سلێمانی، ڕای گەیاند، پارتی و سەرۆک بارزانی ڕێگرن لە هەموو ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت ئایندەی نەوەکانی داهاتوو بخەنە مەترسییەوە.

ئەمڕۆ هەینی 24ی ئۆكتۆبەر، قەرەداغی لە لێدوانێکدا بۆ "وشە" دووپاتی کردەوە، گرنگیی نوێنەرایەتیکردنی کورد لەلایەن پارتییەوە لە بەغدا لەوەدایە کە سەرۆک بارزانی خاوەنی بیری ستراتیجییە و سەیری داهاتووی گەل و نیشتمان دەکات. هەروەها گوتیشی "بەرنامەکانی سەرۆکی حكوومەت، مەسروور بارزانی، بۆ چاکسازی و ئاوەدانی، بە هەموو لایەک دەیسەلمێنێت کە ئێمە کار بۆ ئاوەدانی دەکەین و پێویستە ڕێگریمان لێ نەکرێت."

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشێک لە بڕگەکانی دەستوور لەلایەن "هەندێک لایەنی شۆڤێنی" و وڵاتانی هەرێمییەوە جێبەجێ ناکرێن، چونکە دژی مافەکانی کوردستانن و چاویان بە پێشکەوتنی هەرێم هەڵنایەت. دووپاتیشی كردەوە كە  پێویستە نوێنەرانی کورد خاڵە لاوازەکانی ناو یاسا دارایی و ئابوورییەکان دەستنیشان بکەن و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدەن، بۆ ئەوەی بودجەی گەلی کوردستان مسۆگەر بکرێت.

سەبارەت بە پاڵپشتیی خەڵک، قەرەداغی گوتی، دوای دەرکەوتنم لە میدیاکانەوە، دەیان تەلەفۆنم بۆ هاتووە و دەڵێن دەنگ بە لیستی 275ی پارتی و بەڕێزتان دەدەین.

هەروەها ڕوونی کردەوە کە پارتی کەسانی ئەکادیمی و نیشتمانپەروەری لە دەرەوەی چوارچێوەی تەسکی حزبی کاندید کردووە و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیان ئازادکردنەوەی دڵی کوردستان، کەرکووک و خزمەتکردنی هەموو خەڵکی عێراقە.

لە کۆتاییدا داوای لە خەڵکی سلێمانی کرد متمانە بە پارتی ببەخشن و دەنگ بە لیستەکەیان بدەن، و گوتی، لاوازیی کارگێڕی لە سلێمانی و هەڵەبجەدا هەیە. ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ هەولێر و دهۆک، دەبینین چۆن ژێرخانی ئابووری دروست دەکرێت و شارەکان گەشە دەکەن. ئێمە دەمانەوێت سلێمانی لەو دۆخە کارگێڕی و ئابوورییە لاوازە ڕزگار بکەین و سنوورێک دابنێین کەس نەتوانێت ئایندەی نەوەکانمان بخاتە مەترسییەوە.

هەڵەبجە / عەزیز هەورامی


وشە - پۆڵا مەحموود