پێش بڕانی كارەباكەت نامەت بۆ دێت

:: AM:10:43:25/10/2025 ‌
پڕۆژەی رووناكی چووەتە قۆناغێك ئێستە پێش بڕانی كارەباش ئاگادارت دەكاتەوە، ئەگەر چاكسازی لە هێڵەكان بكرێت، پێت دەڵێت لە سەعات چەند بۆ سەعات چەند كارەبات دەبڕێت، ئەوەش وادەكات هاووڵاتی بزانێت.

ئەمڕۆ شەموو 25ـی تشرینی یەكەم، لە قۆناغێكی نوێی پڕۆژەی رووناكی، بریتییە لە ناردنی نامەی تایبەت بۆ بەشدارانی گەڕەكێك ئەگەر كارەبات ببڕێت و پێت دەڵێت لە سەعات چەند بۆ سەعات چەند كارەبات نابێت و هۆكارەكەشت بۆ روون دەكاتەوە.

نامەیەك بۆ هاووڵاتییانی گەڕەكێكی هەولێر چووە و تێیدا هاتووە، ئاگادارتان دەكەینەوە كە تیمەكانی چاككردنەوە كاری پێویست بۆ چاككردنەوەی تۆڕی كارەبا ئەنجام دەدەن، ئەمڕۆ 25ـی تشرینی یەكەم لە سەعات هەشتی بەیانی بۆ دووی دوای نیوەڕۆ.

لە نامەكە ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو چاكسازییەی لە هێڵەكانی كارەبا ئەنجامی دەدەین دەبێتە هۆكاری پچڕانی كارەبا لە گەڕەكەكەتان. دەمانەوێت داوای لێبوردنتان لێ بكەین بۆ ئەو نائاسوودەییەی كە لە ئەنجامی پچڕانی كارەبای نیشتمانی دروست دەبێت.

پڕۆژەی رووناكی لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی وڵاتە پێشكەوتووەكانی لێ هاتووە، 24 سەعات پێش پچڕانی كارەبا، نامە بۆ ئەو هاووڵاتییانە دەنێرێت كە كارەبایان دەبڕێت و پێشیان دەڵێت لە چ كاتێك كارەبایان بۆ دەگەڕێتەوە.

پڕۆژی رووناكی یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئێستە زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتی هەرێمی كوردستان خاوەن كارەبای 24 سەعاتین، بڕیاریشە كۆتایی ساڵی 2026 تەواوی كوردستان ببێتە خاوەن كارەبای 24 سەعاتی.
 



وشە - رامیار جەواد