11 ساڵ بەسەر شەهیدبوونی سێ‌ برا بەیەكەوە تێپەڕ دەبێت

:: AM:11:01:25/10/2025 ‌
ئەمڕۆ 11 ساڵ بەسەر شەهیدبوونی سێ‌ برا پێكەوە تێپەڕ دەبێت، كاتێك لە سەنگەری بەرگریی كوردستان دژی تیرۆریستانی داعش، دەجەنگان و بەرگرییان لە خاكی پیرۆزی كوردستان دەكرد.

ئەمڕۆ 25ـی تشرینی یەكەم، 11 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر شەهیدبوونی سێ برای پێشمەرگەی كوردستان بە ناوەكانی (ئەحمەد عوسمان، نەجات عوسمان و مەولوود عوسمان) كە پێكەوە لە سەنگەری بەرگریی لە خاكی پیرۆزی كوردستان، لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە میحوەری زومار، لە یەك كاتدا خوێنی خۆیان بەخشیە نیشتمان و شەهید بوون.

دواتر وەك هێمای قوربانیدانی دایك و پەروەردەی ئەو دایكە نیشتمانپەروەرە، سەرۆك مەسعوود بارزانی نازناوی "دایكی شەهیدان"ی بەخشیە "دایكە ئایشە"ی دایكی ئەو سێ برا شەهیدە.

دایكە ئایشە، ناوی تەواوی ئایشە تەها عوسمانە، لە ساڵی 1926 لە گوندی كاولەباسی شارەدێی سیدەكان لە دایك بووە، لە حەوتی تەمووزی 2020 كۆچی دوایی كرد. خاوەنی چوار كچ و حەوت كوڕ بووە، لەو كاتەدا چوار لە كوڕەكانی پێشمەرگە بوون، لە بەرەبەیانی ڕۆژی 25ی ئۆكتۆبەری 2014 لە شارەدێی زومار، سێ كوڕی دایكە ئایشە بەدەستی تیرۆریستانی داعش شەهید دەبن و دوو نەوەشی بەسەختی بریندار دەبن.



وشە - رامیار جەواد