دوای كردنەوەی جووتسایدی كۆیە، لە ماوەی 48 سەعاتی دواتر، پێنج رووداوی هاتوچۆ لەو شەقامە رووی داوە و تا ئێستە هیچ روونكردنەوەیەك لەسەر ئەو بابەتە نەدراوە.
ئەمڕۆ شەموو 25ـی تشرینی یەكەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بەیانیی ئەمڕۆ رووداوێكی هاتوچۆ لە شەقامی فیدراڵ كە بە شەقامی مام جەلال ناسراوە رووی دا، بەمەش كۆی رووداوەكان لە كەمتر لە 48 سەعات گەیشتە پێنج رووداوی هاتوچۆ.
زۆرترین رووداوی هاتوچۆش لەو شەقامە لە نزیكە گەڕەكی شەوگێڕاوەیە و پێشتر خەڵك داوایان كردبوو، پردێكی پەڕینەوە لەو شەقامە دروست بكەن، بەڵام لە پڕۆژەكە جێبەجێ نەكراوە.
شەقامی فیدراڵ لەلایەن پارێزگای هەولێر دوای 11 ساڵ لەسەر داهاتی پەرەپێدان دروست كرا، هەرچەندە بەرپرسانی یەكێتی رایان گەیاند كە ئەو شەقامە لەسەر داهاتی ئیدارەی یەكێتی بووە، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگەكان بێدەنگییان لێ كرد.
ئەو شەقامە چەندان جار هەوڵی تەواوكردنی درا، دواجار بەهۆی ئەو پێشهاتانەی بۆ دروست دەبوو، پارێزگای هەولێر بڕیاری تەواوكردنی شەقامەكەی دا.