نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی لەناو جەماوەری حزبەكەی لە دهۆك گوتارێكی پێشكەش كرد و رای گەیاند، پارتی پێویستە بەهێز بێت لە بەغدا، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری كورد بكرێت و دەستوور جێبەجێ بكرێت.
جێگری سەرۆكی پارتی گوتی، جێبەجێنەكردنی دەستوور كارەساتی بۆ عێراق دروست كردووە، ئێستە قۆناغی جێەجێكردنی دەستوور دەست پێ دەكات.
نێچیرڤان بارزانی گوتی، كێشەی مووچە و مادەی 140 و پێشمەرگە و شایستەی دارایی هەیە، هۆكارەكەی ئەوەیە دەستوور جێبەجێ ناكرێت. هەروەها سوپاسی خەڵكی كوردستانی كرد كە سەرباری هەموو ناخۆشییەك بە دڵ لەگەڵ كوردستان و پارتی دەمێننەوە.
هەروەها باسی لە هەنگاوەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و گوتی، حكوومەت رژدە لەسەر چارەسەری كێشەكان و ئومێدی زۆر هەیە كوردستان بچێتە قۆناغێكی گەشتر و ئاوەدانتر.