چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە، شانازی كردن بە دواخستنی پێكهێنانی حكوومەتی كوردستان دەستكەوت نییە كە بافڵ تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاری دەهێنێ و پێیان وایە ئەوە پیلانگێڕییە دژی كوردستان.
لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن تاكە گوتاری بافڵ تاڵەبانی كە پێشكەشی لایەنگرانی دەكات ئەوەیە كە رێگریان لە پێكهێنانی حكوومەت كردووە، لەكاتێكدا بیری لەوە نەكردووەتەوە كە بەوهۆیەوە دامەزراوەكان و هاووڵاتییان كوردستان زیانمەندی یەكەم بوون و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا مەترسیی رژد دروست دەكات.
شوكری بەلیتی چاودێری سیاسیی بۆ "وشە" گوتی، لەبەر ئەوەی یەكێتی هیچ ئامانج و پڕۆژەیەكی بۆ داهاتوو نییە، بۆیە تەنیا لەسەر بنەمای قسە بانگەشە دەكەن، هەر ئەوەیش نا شانازی بە كارێكی ناڕەوای خۆیان دەكەن كە رێگرییە لە پێكهێنانی حكوومەت.
ڕوونیشی كردەوە كە ئەو حزبە هیچ ستكەوتێكی بۆ كوردستان نەبووە، هەر دەستكەوتێكیشی هەبووبێت ئەوكاتانە بووە كە لەگەڵ پارتی هاوپەیمان بووە.
لای خۆیەوە بژار حەكیم جێگری نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان نووسیویەتی، كێشە دروست كردن و رێگریی بۆ پێكنەهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەستكەوت نییە تا لە بانگەشەی هەڵبژاردن باسی بكەیت، بەڵكو ئەوە پلانە دژ بە كوردستان و خزمەت نەكردنی خەڵكەكەی.
" پارتی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا دەڵێ كردمان، ئەوان دەڵێن ناهێڵین كابینەی حكوومەت دروست بكرێت، پارتی حزبی ئاوەدانیی و پێشكەوتنەو ئەوانیش هی رێگری كردن" بژار حەكیم وای نووسیوە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، روونە ئیتر، كەواتە هەموومان بەرەو یەك ملیۆن دەنگی، بۆ لیستی ٢٧٥ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، لیستی پێشكەوتن و خزمەتی زیاتری كوردستان.