دۆسیەی خانەنشینان كۆتایی دێت

:: PM:01:37:26/10/2025 ‌
زانیاریی نوێ لەبارەی مووچەی خانەنشینانی نوێ و ئیكرامییەكەیان بڵاو كرایەوە، لە لیستی مووچەی مانگی هەشتدا، سەرووی هەزار خانەنشین ماون و ناویان لە لیستەكەدا هەیە و دۆسیەی 30 هەزار خانەنشینی كۆتایی دێت. 

ئەمڕۆ یەكشەم 26ـی تشرینی یەكەم، سادق عوسمان گوتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەم مانگە كۆتایی بە دۆسیەی خانەنشینبوونی ئەو 30 هەزار فەرمانبەر و مامۆستایە دێت كە سەرەتای ئەمساڵ خانەنشین كران.

زیاتر گوتی، لە لیستی مووچەی مانگی ئاب، زیاتر لە هەزار خانەنشین مووچەكانیان كە هەشت مووچەیە بەیەكەوە وەردەگرن و ئەو دۆسیەیە كۆتایی دێت.

باسی لەوەش كرد، جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو وایكردووە ئەم مانگە دۆسیەی نوێی خانەنشینی هەبێت، بەڵام دۆسیەی خانەنشینی 30 هەزار بەیەكەوە كۆتایی دێت.

كەریم باست نوێنەری خانەنشینان، بە "وشە"ـی راگەیاند، بڕیاری حكوومەت بۆ خێرا تەواوكردنی مامەڵەی خانەنشینان جێگەی خۆی گرت، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی بەردەوامە لە تەواوكردنی مامەڵەی ئەو فەرمانبەرانە.

زیاتر گوتی، كاری زۆرباش كراوە و مامەڵەكان بەرەو تەواوبوون دەچن، تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵ خانەنشین بوون، دۆسیەكانیان تەواو بووە و لە مووچەی مانگی هەشت داخل كراون.

ئەوە لە كاتێكدایە سەرەتای ئەمساڵ، نزیكەی 30 هەزار فەرمانبەر خانەنشین كران، ئەوەش بۆ ئەوەی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو جێبەجێ‌ بكرێت، ئێستە دۆسیەی ئەوانە بەرەو كۆتایی دەچێت و بەشێوەیەكی ئاسایی لە مانگی هەشتەوە مووچەكانیان وەردەگرن.



وشە - رامیار جەواد