سەرۆك: پێویستە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بكرێنە پێوەر بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی فیدراڵی

:: PM:03:16:26/10/2025 ‌
لە پیرمام سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە ئیلبروس كوتراشیڤ باڵوێزی رووسیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە ماكسیم ڕۆبین كونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر ئامادەی بوو، باس لە بارودۆخی سیاسی و گۆڕانگاری و پێشهات و ئاڵنگارییەكان لە عێراق و ناوچەكە كرا. 

هەروەها باس لە پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕێككەوتنی ئەمدواییەی نێوان هەردوولا لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كرا، درێژەدان و بەردەوامیی پێشخستنی ئەم رێككەوتنە بە گرنگ زانرا.

لە بەشێكی تری ئەم دیدارەدا، گفتوگۆ لەبارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەرئەنجام و هەنگاوەكانی دوای ئەم پرۆسەیە و لێكنزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق كرا. 
 
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای دەربڕینی پاڵپشتیی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە كەشێكی ئازاد و دیموكراسیدا، دووپاتی لەوە كردەوە كە پێویستە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن، بكرێنە پێوەر بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی فیدراڵی بەهێز، لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی عێراق و بە بەشداریی هەموو پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكان.

پێوەندییەكانی نێوان رووسیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی ئەو پێوەندییانە، بەشێكی تری ئەم دیدارە بوون.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم