كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، وەك ئەوەی مەسروور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی گوتی دەكرێت كەركووك بكرێتە نمونەی شارێكی پێكەوەژیان و پارتی دەتوانێ خزمەتی شارەكە بكات.
شاهۆ نەجم كەركووكی كاندیدی ژمارە دوو لە لیستی 275ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، بە "وشە"ی راگەیاند، بە ڕێنوێنی سەرۆك بارزانی دەبینە چاودێری ڕاستەقینەی خەڵكی كەركووك و دەكرێت شارەكەیش بكرێتە نمونەی پێكەوەژیان وەك ئەوەی مەسروور بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی ئاماژەی بۆ كرد.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، مێژووی پارتی و كەركووك مێژوویەكی دوورودرێژە و خەڵكی شارەكەیش بۆیان دەركەوتووە كە خزمەتی شارەكە تەنیا بە پارتی دەكرێت.
" بەڵێنمان بەخوا و خەڵكی خۆمان داوە دەبینە چاودێری ڕاستەقینەی خەڵكی كەركووك، بە دواداچوونی رژد دەكەین لەسەر چۆنیەتی خەرجكردنی داهاتی كەركووك و جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و دابەشكردنی بە یەكسانی لە ناو شاری كەركووك و دەوروبەری" شاهۆ نەجم كەركووكی وای گوت.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، لە دوای گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك شارەكە سەقامگیری بۆ گەڕاوەتەوە، بەڵام ئەوە بەس نییە بۆ خزمەتی كەركووكییەكان، بۆیە بە سەركەوتنی كاندیدانی پارتی شارەكە دەچێتە قۆناغێكی تر.
جێی ئاماژەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە ژمارە 275 بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كردووە و پێشبینی دەكرێت دەنگی ئەو حزبە لە كەركووك بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرز بووبێتەوە.