دابەشكردنی زەوی فەرمانبەران بەردەوامە و سبەی تیرووپشك بۆ زیاتر لە حەوت هەزار و 500 پارچە زەوی تر دەكرێت و دەدرێن بە فەرمانبەرانی سەنتەری هەولێر.
دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بڕیاری لێ درا، ئێستە بەشێكی زۆری فەرمانبەران بوون بە خاوەنی زەوی و لە هەولێر تەنیا چەند قۆناغێكی تری ماوە.
كارزان هادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر رای گەیاند، بریارە سبەی سێشەم تیرووپشك بۆ حەوت هەزار و 500 پارچە زەوی بكرێت بۆ فەرمانبەرانی سەنتەری پارێزگای هەولێر.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەو زەوییانەی سبەی دابەش دەكرێن دەكەوێتە بەرحوشتر، جێژنیكان، گردەچاڵ.
ئەوە قۆناغی سێیەمی دابەشكردنی زەوییە كە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لە سنووری خۆی كاری لەسەر دەكات. قۆناغەكانی پێشوو تایبەت بوون بە زەوییەكانی ئاشۆكان و گردەچاڵ، ئێستە وردبینی بۆ ناوەكان دەكرێت و لە داهاتوودا زەوییەكە بە سەنەدی تاپۆ بە شێوەی یاسایی دەدرێتە فەرمانبەران.