هۆشیار زێباری: پشتیوانیی د. بەرهەم ساڵح دەكەین

:: AM:10:14:30/10/2025 ‌
هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای دەگەیەنێت: د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح كاندیدی عێراق و كوردستانە بۆ پۆستی كۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئێمەش بەتەواوی پشتیوانیی لێ دەكەین.

زێباری لە سەكۆی "ئێكس" نووسیویەتی: خاوەنی هەموو خەسڵەت و ئەزموونێكی پێویستە بۆ نوێنەرایەتیكردنی ئەم دەزگا مرۆییە گرنگە، داوا لە هەموو وڵاتانی ئەندام دەكەین لەم هەفتەیەدا پشتگیریی لە كاندیدكردنی بكەن.

 بەرهەم ساڵح سەرۆكی پێشووی عێراق، یەكێك لە كاندیدە بەهێزەكان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، كە بەدووەم گرنگترین پۆست دادەنرێت لە دوای سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، زیاتر لە 70 ساڵە هیچ كەسایەتییەك لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەو پۆستەی وەرنەگرتووە، زیاتر كەسایەتییە ناودارەكانی وڵاتانی ئەوروپا وەریدەگرن.



وشە - سۆران عەزیز