سەرۆك بارزانی: جگە لە خودا بۆ كەس خۆناچەمێنین تەنیا بۆ دایكی شەهیدان 10 جار خۆمان دەچەمێنین

:: PM:04:55:30/10/2025 ‌
لە شاری دهۆك، سەرۆك بارزانی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری دایك و خانەوادەی شەهید و پێشمەرگە و ئافرەتە تێكۆشەرەكانی پارێزگاكە، كۆبووەوە.

لەو كۆبوونەوەدا سەرۆك بارزانی وتارێكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و وێڕای دەربڕینی ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ خانەوادەی شەهیدان، ڕای گەیاند،"جگە لە خودا ئێمە بۆ كەس خۆناچەمێنین" تەنیا بۆ دایكی شەهیدان و خانەوادەی شەهیدان 10 جار خۆمان دەچەمێنین".

هەروەها سەرۆك بارزانی باسی لە ڕۆڵی ئافرەتان بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد كرد و ئاماژەی بەوە دا، "ڕۆڵی ئافرەتان ڕۆڵێكی كاریگەرە لە شۆڕشەكان، سەرۆك بارزانی گوتی" لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تا ئەمرۆ، ئافرەت باوك بووە دایك بووە مامۆستا بووە جووتیار بووە". نموونەی ژمارەیەك ئافرەتی خۆڕاگر و قارەمانیشی بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە و ڕای گەیاند، ئەو خەبات و قوربانیدانەی گەلی كورد و ڕۆڵ و ئازایەتی ئافرەتانی كورد ئەمانەتێكی گەورەیە لەسەر شانی ئێمە بۆیە هەرچی بیڵێم كەمە دەرهەق بە دایكی شەهیدان و كەسوكاری شەهیدان.

لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە چاكسازییەكانی سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی ئەوەی خستەڕوو، كە ئەمرۆ ئێمە لە سەدەی بیست و یەكین، ڕەنگە هێشتا وەك پێویست مافی ئافرەتان دەستەبەر نەكرابێت، بەڵام پێویستە ئافرەت خۆیشی خەباتی بێوچان بكات و دڵنیابن بە هەموو شێوەیەك لە پشت ئێوە دەبم.

لە بەشێكی تری وتارەكەیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە مەترسیی پیلانەكانی ئێستە بۆ سەر هەرێمی كوردستان كرد و ڕای گەیاند "پیلانی ئێستە و دوژمنایەتی ئێستە لەگەڵ میللەتی ئێمە زۆر مەترسیدارتر و گەورەترە لە هی ڕابردوو، ئێستە بە شێوەیەكی بەرنامە بۆدارێژراو دەیانەوێت خەڵكی ئێمە و گەنجی ئێمە تووشی مادەی هۆشبەر بێت، ئەمە گەورەترین مەترسییە، دەیانەوێت خەڵكی ئێمە تووشی بێ ئومێدی بكەن و هیچ سۆز و ئینتیما بۆ نیشتمان نەمێنێت بۆیە بە ئامادەبەوانی ڕاگەیاند، "ئەركی گەورە لەسەر شانی ئێوەیە هەر ئافرەتێك منداڵەكەی لە ماڵەكەی خۆیدا تێ بگەیەنێت كە چ پیلانێكی مترسیدار لەسەر ئێمە هەیە"، ئەگەر گەنجی ئێمە باوەڕی بە خۆی نەما ئێمە هیچ دۆزێكمان نامێنێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە بڕینی موچەی خەڵكی كوردستان كرد و ڕای گەیاند "بڕینى مووچەی خەڵكی كوردستانیان قەزیەیەكی سیاسییە و وەك كارتێك بەكاریان هێنا بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەناو ببەن، ئەمەش بە چاوساغی خەڵكێكی ناوخۆیی بوو كە ڕێگایان بۆ بەغدا خۆش كرد و ئەمەش لە ئەنفال و كیمیاباران كەمتر نییە".

هەروەها سەرۆك بارزانی دووپاتى لە پەروەردەكردنی ڕۆڵەكانی ئێستە و داهاتوو كردەوە، كە خۆیان بە كەمتر نەبینن لە تاكی هەر كۆمەڵگەیەكی تر و دەبێت نەوەكانیشمان بەوشێوەیە پەروەردە بكرێن كە لە ئاستێكی بەرزی وریاییدا بن.

هەر لەو وتارەیدا سەرۆك بارزانی باسی لە زەروورەتی مێژوویی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد لە سەروەختێكدا كە كورد تووشی نائومێدی ببوو، بەڵام بە دامەزراندنی پارتی ئومێد بۆ خەڵكی كوردستان گەڕایەوە و پارتی بەرپرسیارییەتیی مەزنی لە ئەستۆیە و لە بەرپرسیارییەتی ڕاناكات و تەحەموولی دەكات.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم