سەرۆک بارزانی: یەکگرتوو بین هیچ هێزێک دەرەقەتمان نایەت

:: PM:07:55:30/10/2025 ‌
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم، 30ی تشرینی یەکەمی 2025، سەرۆک مەسعوود بارزانی لە شاری دهۆک، لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسایەتی و ڕیشسپییەکانی دهۆک و سێمێل کۆبووەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر چەندین بابەتی گرنگی پەیوەست بە کوردستان و عێراق.

لە وتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە مێژووی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان کرد، لە یەکەم هەڵبژاردنی ساڵی 1992ـەوە و دووپاتی کردەوە کە پارتی لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا یەکەم بووە و باوەڕی تەواوی بە دەنگی خەڵک هەیە وەک بابەتێکی مەبدەئی.

"عێراق لەسەر بنەمای هاوبەشی دامەزرا، بەڵام جێبەجێ نەکرا"
سەبارەت بە دۆخی عێراق، سەرۆک بارزانی ڕای گەیاند، عێراقی نوێ لەسەر بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان دامەزراوە، بەڵام ئەم بنەمایانە جێبەجێ نەکران و دەستوور پێشێل کرا. هەروەها دووپاتی کردەوە کە نابێت عێراق بە دەستی هیچ لایەنێکەوە و بە ناوی زۆرینەوە بەڕێوەببرێت، بەڵکو دەبێت عێراق بۆ هەموومان بێت و هەر کەس پێگە و مافی خۆی هەبێت.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە سیاسەتەکانی بەغدا بەرانبەر کوردستان کرد و گوتی، "بەداخەوە هێشتا عەقڵیەتی زوڵمکردن لە خەڵکی کوردستان لەلایەن بەغداوە ماوە و ئێستاش بە ناوی مووچەبڕین هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکەن کە لە ئەنفال و کیمیاباران کەمتر نییە. بەڵام دڵنیاییشی دا و ڕای گەیاند، کەس ناتوانێت نە بە مووچە و نە بە هیچ شتێکی تر ئیرادەی ئێمە بشکێنێت و خۆی لەسەر ئێمە فەرز بکات.

"لێبووردەیی کورد لە ڕاپەڕیندا شانازییەکی مێژووییە"
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، سەرۆک بارزانی باسی لە ڕەوشتبەرزی و لێبووردەیی خەڵکی کوردستان کرد و ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی بە نموونە هێنایەوە و گوتی، دوای ئەو هەموو ستەم و جینۆسایدەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان کرا، بەڵام لە کاتی ڕاپەڕیندا کە دوو فەیلەقی سوپای عێراق کەوتبوونە دەستی خەڵک، هیچ سەربازێکی عێراقی نەکوژرا و ئازار نەدرا، بەڵکو خزمەت کران و ڕەوانەی ناوچەکانی خۆیان کرانەوە. ئەمە شانازییەکی خەڵکی کوردستانە و بۆ هەموو جیهانیش دەرکەوت کە ئێمە میللەتێکی مەدەنی و ئاشتیخوازین.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە قۆناغەکانی جینۆسایدی گەلی کورد کرد، لە ئەنفالی فەیلییەکان و بارزانییەکانەوە تا کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و جینۆسایدی ئێزیدییەکان لەلایەن داعشەوە، و گوتی، "سەرەڕای هەموو ئەمانە، گەلی کوردستان ئاشتیخوازە، بەڵام ئەگەر شەڕمان پێ بفرۆشن، هەرگیز ستەم و سەرشۆڕی قبووڵ ناکەین.

"ماددەی هۆشبەر بە بەرنامە کار بۆ بڵاوکردنەوەی دەکرێت"
سەرۆک بارزانی هۆشداریی دا لەبارەی ئەو شەڕە دەروونی و کۆمەڵایەتییەی کە لە دژی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و ڕای گەیاند، ماددەی هۆشبەر بابەتێکی زۆر مەترسیدارە و بە بەرنامە بۆ داڕێژراوی کار بۆ بڵاوبوونەوەی دەکرێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگای کوردستانی هەڵتەکێنن، بۆیە دەبێت بە تووندی ڕێگری لێبکەین.

لە کۆتاییدا، سەرۆک بارزانی دووپاتی لە گرنگیی یەکڕیزی کردەوە و گوتی، ئەگەر ئێمە یەکگرتوو و یەکڕیز بین، هیچ هێزێک دەرەقەتی ئێمە نایەت. هەروەها باسی لە گرنگیی پشت بەخۆبەستن کرد لە ڕێگەی پرۆژە ستراتیجییەكانی وەک کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و دروستکردنی بەنداو، وەک بەدیلێکی بەهێزتر لە نەوت بۆ داهاتووی کوردستان.


وشە - پۆڵا مەحموود