ئەنجوومەنی باڵای فەتوا: فرۆشتنی کارتی دەنگدان حەرامە و خیانەتە لە گەل و وڵات

:: PM:01:56:31/10/2025 ‌
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا حوکمی شەرعیی فرۆشتنی کارتی دەنگدانی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستاندا ڕاگەیاند و بە "حەرام" ناوی برد.

بەپێی فەتواکە، کە بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن دەرچووە، ئەو پارەیەی لەم ڕێگەیەوە بەدەست دێت بە حەرام دانراوە و فرۆشتنی کارتەکەش بە "خیانەت لە گەل و وڵات و سامانی گشتی" هەژمار کراوە.

ئەنجوومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە کە وەڵامی ئەو پرسیارەیان داوەتەوە کە لەلایەن ژمارەیەک مامۆستای ئایینی و هاووڵاتییەوە سەبارەت بە حوکمی ئەم بابەتە ئاڕاستەیان کراوە.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، مەبەستی سەرەکی لە هەڵبژاردن پێشخستنی وڵات و هێنانەدی دادپەروەرییە، بەڵام فرۆشتنی دەنگ "دەبێتە مایەی تێکدانی ئەم مەبەستە باڵایانە."

ئەنجومەنی فەتوا سێ هۆکاری سەرەکی بۆ حەرامکردنی ئەم کارە خستووەتەڕوو:
خیانەتکردن لە ئەمانەت: دەنگدان ئەمانەتێکە لە ئەستۆی هاووڵاتیان و فرۆشتنی کارت بەزایەدان و خیانەتکردنە لەو ئەمانەتە.
یارمەتیدانی ساختەکاری: ئەم کارە خراپ بەکارهێنانی مافێکی شەرعی و یاساییە و یارمەتیدەرە بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری و گەیاندنی کەسانی ناشایستە بە پەرلەمان و ناوەندەکانی بڕیار.
تاوانی یاسایی: لە ڕووی یاساییەوە کارەکە تاوانە و پێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنەکانە.
لە کۆتاییدا، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا داوا لە موسڵمانان دەکات کە بە هەموو شێوەیەک خۆیان لەم کارە بەدوور بگرن.


وشە - پۆڵا مەحموود