ئهمڕۆ سهرۆك بارزانى له كۆبوونهوهى لهگهڵ چین و توێژهكانى زاخۆ باسى لهوه كرد له ساڵى 2002 وه له لهندهن كۆنگرهى ئۆپۆزسیۆنى عێراق لهسهر سێ بنهماى هاوبهشى و هاوسهنگى و سازان رێككهوتوون، ئێستایش ئهگهر دهوڵهتى عێراق لهسهر ئهو سێ مهبدهئه بهڕێوهنهچێت كێشهكانى قهت چارهسهر نابن.
ئهمڕۆ ههینى سهرۆك مهسعوود بارزانى لهگهڵ چین و توێژهكانى زاخۆ كۆبووهوه و لهسهر چهندان تهوهرى گرنگ قسهى بۆ كردن، بارهگهى بارزانى له راگهینراوێكدا ناوهڕۆكى وتهكهى سهرۆك بارزانى بۆ خهڵكى زاخۆ بڵاوكردووهتهوه كه ئهمه دهقهكهیهتى:
لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ دەڤەری بادینان، دوای نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی 31ی تشرینی یەکەمی 2025 سەرۆك مەسعود بارزانی لەشاری زاخۆ، لەگەڵ چین و توێژ و كەسایەتییانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كۆبووەوە.
لەو كۆبوونەوەدا سەرۆك بارزانی وتارێكی پێشكەش بەئامادەبووان كرد و دووپاتی كردەوە كە زاخۆ دڵ و ڕوحی ئێمەیە و ئەم شارە قوربانییەكی زۆری بۆ ئازادی كوردستان و لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش داوە، بۆیە خۆمان بە قەرزاری زاخۆ دەزانین و لەسەرمان پێویستە خزمەتی زاخۆ و هەموو كوردستان بەبێ جیاوازی بكەین، بۆ زاخۆش ئەوەی كراوە جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام دەبێت هێشتا پتر خزمەت بكرێت، ئەو گۆڕانەی بەسەر زاخۆدا هاتووە، لەگەڵ دووسال پێش زۆر بە جوانی دەبینرێت.
سەرۆك بارزانی لەسەر بابەتی هەڵبژاردن لە وتەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد، كە ئێمە وەك پارتی باوەڕێكی مكوڕمان بە هەڵبژاردن هەیە و دەمانەوێت میللەت خۆی بریاڕ لە چارەنووسی خۆی بدات، لە هەموو هەڵبژاردنەكانیش پارتی هەر یەكەم بووە و ئەمجارەش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقمان لەپێشە، دەمانەوێت هێزی پارتی لەم هەڵبژاردنە نیشانی هەموو لایەک بدەین.
هەروەها سەرۆك بارزانی گووتی, دەمەوێ هەموو لایەک بزانن، كە پیلانگێڕی لەسەر كوردستان بەردەوامە. ئەگەر جاران بە رێگەی سەربازی و شەڕ بوو، هەنوكە لە ڕێگەی ماددەی هۆشبەر و بێ ئومێدكردنی خەڵك و لاوازكردنی ئینتیما و بڕینی مووچە و هەوڵدان بۆ برسیكردنە، ئەركی هەموولایەكمانە كە ڕێگە لەم جۆرە پیلانانە بگرین و ڕێگە نەدەین كۆمەڵگەی كوردستان بە ماددەی هۆشبەر تووشی هەڵتەكان و نائومێدی بكرێت. لەبارەی دۆخی سیاسیی و ئیداریی عێراقیشەوە گوتی: كاتی خۆی هەموولایەكمان لە ساڵی 2002، لە لە کۆنگرەی ئۆپۆزیسیۆن لە لەندەن لەسەر سێ مەبدەئی زۆر گرنگ ڕێككەوتین، كە دەبێ عێراق بە هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەكرا، دوای هەوڵێكی زۆر دەستووری هەمیشەیی عێراق ئامادەكرا و خەڵكی عێراق دەنگی لەسەردا، بەداخەوە دەستووریش وەك پێویست ئیلتیزامی پێنەكرا، بۆیە عێراق تووشی ئەو هەموو كێشەیە بووەتەوە، ئێستاش و داهاتووش ئەگەر دەوڵەتی عێراق لەسەر ئەو سێ مەبدەئە بەڕێوەنەچێت، كێشەكانی قەت چارەسەر نابن، چونكە مێژوو ئیسپاتی كردووە كە یەكلایەن ناتوانێت حوكمی عێراق بكات.
هەرەوەها لە وتەكەیدا سەرۆك بارزانی تەئكیدی لەسەر ئەوە كردەوە كە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان، ئیلتیزاممان بەرامبەر میللەتی خۆمان و، بەرامبەر خوێنی شەهیدەكانمان، و بەرامبەر فرمێسكی دایكی شەهیدەكانمان و بەرامبەر خەبات و قوربانیدان پێشمەرگەكانمان هەیە. سەرۆك بارزانی گوتی، پارتی كار بۆ ئێستا و ئایندەی ئەم میللەتە دەكات، جگە لەبەرەڤانیی مەیدانی و سیاسی، بەجددی لە بواری ئاوەدانكردنەوە و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری و پێشخستنی كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردە و ڕێگە و بان و ئاو و كارەبا و كشتوكاڵ و ئاودێری، كار دەكەین.
لەبەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە كولتووری دەوڵەمەندی پێكەوەژیان دا و ڕایگەیاند كوردستان موڵكی هەموو پێكهاتەكانە و دەبێ ئەو فەرهەنگە دەوڵەمەندە بپارێزرێ. هەر پەیوەست بە بابەتی پێکەوەژیان و چارەنووسی هاوبەش، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە نموونەیەکی مێژوویی لەکاتی ئەنفالی بارزانییەکان دا، کە چەند کەسێکی گوندێکی بێدیال کە گوندێکی مەسیحیی ئاشوورییەکانە لەگەڵ ڕەشبگیرییەکەی ئەنفال لە دەڤەری بارزان دەستگیر کرابوون، بەرپرسی ئەمنیی ئەو ڕەشبگیرییە بەوانی ڕاگەیاندبوو کە ئیوە مەسیحین و بڕۆن ئازادن، بەڵام ئەوان گوتیانبوو ئێمەش بارزانین و چارەنووسمان لەگەڵ بارزانییەکان یەکە، ئەوە بوو ئەوانیش لەگەڵ بارزانییەکان ئەنفال کران. هەرەوەها سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئومێدمان زۆرە بەپشتیوانی میللەتی خۆمان بەردەوام دەبین و دەبێت كوردستان یەك هەرێم و یەك پەرلەمان و یەك حكومەت و یەك هێزی پێشمەرگەی هەبێت.