شەڕی كۆبانێ كوردی یەكخست و داگیركەرانی نائومێد كرد.. "وشە" چیرۆكەكە دەگێڕێتەوە

:: AM:11:06:01/11/2025 ‌
ساڵی 2014  كاتێك تیرۆریستانی داعش شاری مووسڵیان بەئاسانی گرت، ئەمەش ئەو خەیاڵەی تێدا چاندن هەموو شوێنێك بۆ ئەوان وەك گرتنی مووسڵ ئاسانە.

دوای ئەوە داعش سەریان گەرم بوو و ڕوویان لە كوردستان و كۆبانێ كرد، بەڵام پاش ماوەیەك ئەوە دەركەوت كە كوردستان چ لە رۆژئاوا و چ لە باشوور وەك گرتنی مووسڵ ئاسان نییە.

تیرۆریستانی داعش لە سەرەتای هێرشەكانیاندا بۆ سەر كۆبانێ، هەوڵی داگیركردنی چوار شوێنی گرنگیان دا، ئەوانیش گردی مشتەنوور، ناوەندی چاند و هونەر، چوارگۆشەی تەناهی و ڕێڕەوی مورشید پنار بوون، چەتەكان توانییان سێ لەو شوێنانە داگیر بكەن، بەڵام چوارەم شوێن كە ڕێڕەوی مورشیدپنار بوو، نەتوانرا داگیر بكرێت و بووە قەڵای بەرخۆدان.

توركیا لە باكورەوە تا كۆتایی بەردەوام بوو لە فشارەكانی، هێزێكی زۆری سەربازی و تانك و ئۆتۆمبێلی سەربازیی كۆ كردبووەوە، زیاتر لە جارێكیش ئەردۆغان ڕای گەیاند، "كۆبانێ دەكەوێت" بەڵام دواجار خەونی كەوتنی كۆبانێ نەهاتەدی.

لە 15ـی ئەیلوولی 2014 شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە دەستیان بە قارەمانیەتییەكی كەموێنە كرد لە دژی داعش، لە سەرەتادا ژمارەیەكی كەم لە شەڕڤانان بەرگرییان لە كۆبانێ دەكرد و توانییان بۆ ماوەی 20 ڕۆژ، ڕێگە لە بەرەوپێشچوونی تیرۆرستانی داعش بگرن و شەڕڤانان بە گیانی خۆیان، ڕێگەیان لە بەرەوپێشوونی تانك و داعش گرت.

لە 18ـی كانوونی یەكەمی 2014دا هەڵمەتی ڕزگاركردنی كۆبانێ دەستی پێ كرد، لەو ماوەشدا سەتان گەنجی كورد لە چوار بەشی كوردستان و ئەوروپاوە بۆ بەرگری لە كۆبانێ، چوونە ناو شەڕەكەوە.

دوای 134 ڕۆژ لە بەرخۆدان و تۆماركردنی داستانی قارەمانانە لە كۆڵانەكانی كۆبانی، توانرا لە 26ـی كانوونی دووەمی 2015ـدا، كۆبانێ بە تەواوەتی شارەكە لە دەستی تیرۆریستان ڕزگار بكرێت. 

رۆژی 22/10/2014، پەرلەمانی كوردستان لەسەر داوای سەرۆك بارزانی بۆ تاوتوێیكردنی رەوشی كۆبانێ كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بە كۆی دەنگ، پەرلەمانی كوردستان داواكاریی سەرۆك بارزانی بۆ رەوانەكردنی هێزی پێشمەرگە بەشێوەیەكی فەرمی بۆ هاوكاریكردنی كوردانی رۆژئاوا پەسند كرد.

لە 28/10/2014، یەكەم كاروانی ھێزی پێشمەرگە كە ژمارەیان 150 پێشمەرگە بوو، بە چەكی سووك و قورس بە 40 ئۆتۆمبێل بەرەو كۆبانێ بەڕێ كەوتن و بە درێژایی رێگە لە باشوور، باكور و تا گەیشتنە رۆژئاوای كوردستان، لەوێ ھاووڵاتییانی كورد بە سروودی نیشتمانی و بە چەپڵەلێدانەوە پێشوازییان لە ھێزی پێشمەرگە كرد، چونكە بەلای كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان رووداوی رەوانەكردنی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ، رووداوێكی مێژوویی و دەگمەن بوو بە درێژایی خەبات و قوربانیدانی كورد بۆ رزگاری نیشتمانی.

هەروەها دەنگدانەوەیەكی نێودەوڵەتیی هەبوو، لە بەشێكی زۆری میدیا جیهانییەكان هەواڵ و رووماڵی چوونی هێزی پێشمەرگە بە ناو خاكی توركیا بۆ رۆژئاوای كوردستان كرا.

لەگەڵ گەیشتنی هێزی پێشمەرگە، باڵانسی شەڕەكە گۆڕانی بەسەردا هات و لە كاتێكدا كۆبانێ تەنیا 20٪ی لە دەستی شەڕڤانان مابووەوە، بەڵام پێشمەرگە و شەڕڤانان شانبەشانی یەكتر رووبەڕووی داعش بوونەوە، توانیان گردی كانی كوردان و گەڕەكی مەشتەل كە دوا خاڵی رۆژهەڵاتی شارەكە بوون، لە دەستی چەكدارانی داعش دەربێنن و بە داویدا ناوەندی شارەكەش بە تەواوەتی لە داعش پاك بكەنەوە و كۆبانێ لە مەترسی كەوتن رزگار بكەن.

لە رۆژی 20/1/2015، یەكەم شەھیدی پێشمەرگەی باشووری كوردستان بە ناوی زێرەڤان ئەكرەم، لە رۆژئاوای كوردستان گیانی پێشكەش بە خاكی كوردستان كرد و شەھید بوو، ژمارەیەكی تری  پێشمەرگەش بریندار بوون.

برێت مەكۆرگ جێگری یاردەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە عێراق و ئێران و هەروەها جێگری نێردراوی تایبەتی باراك ئۆباما لە پێكهێنانی هاوپەیمانێتی دژ بە داعشی ئەوكاتە، لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی بەڕێكەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ كۆبانێ بە چەك و تەقەمەنیی پێشكەوتوو، لەپێناو هاوكاریكردنی شەڕڤانانی كورد لە بەرگریكردن لەو شارەدا، لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تویتەر، پێشوازیی لەو هەنگاوەی پێشمەرگە كرد و رای گەیاند، چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ گرنگییەكی زۆری هەیە.

مەكۆرگ دەڵێت: "من پێشوازی لە ناردنی چەك و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەم بۆ كۆبانێ".

هەروەها جێن ساكی گوتەبێژی ئەوكاتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی لە گرنگی چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ كرد و رای گەیاند، بۆ ئەمەریكا گرنگە كە هێزێكی هاوپەیمانی وەك پێشمەرگە لەسەر زەوی لەو بەرەی جەنگ ئامادەیی هەبێت.

توركیا
وێڕای ئەوەی كە توركیا لە سەرەتاوە ناڕازی بوو هیچ كۆمەك و هاریكارییەكی سەربازی بگاتە كۆبانێ، بەڵام بەهۆی گوشارەكانی ئەمەریكاوە، توركیا رەزامەندیی پێشان دا.

مەولوود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا رای گەیاند، هیچ كێشەیەكی سیاسی نییە كە رێگە لە تێپەڕبوونی پێشمەرگە بگرێت بۆ كۆبانێ. گوتیشی "تێپەڕینی پێشمەرگە بەناو خاكی توركیا لە ئانوساتدایە".

ئەوكات هیچ وڵاتێك بەئەندازی عێراق نیگەران نەبوو، ئەو هەنگاوەی بەمەترسی دەزانی. سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگریكردن لە شاری كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان، پەیامێكی سیاسییە نەك هەنگاوێكی سەربازی و فریاگوزاری.

عەلی ئەدیب سەرۆكی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا رای گەیاند: "چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ پێشهاتێكی گرنگ و ترسناكە، چونكە پرسیاری گەورە ئەوەیە، ئەو هێزە چی دەكات بۆ كۆبانێ؟، لەودەمەی ژمارەی ئەو هێزە زۆر كەمە، بۆیە دەڵێم چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ پەیامێكی سیاسییە و پێویست بوو عێراق بڕیاری لێ بدات.



وشە - سۆران عەزیز