ناوەڕاستی ئەم مانگە تیروپشك بۆ حاجیان دەكرێت

:: AM:09:57:02/11/2025 ‌
بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە تیروپشك بۆ وەرزی نوێی حەج ئەنجام بدرێت، گوتەبێژی حەج و عومرەش دەڵێت، بەهۆی كەموكوڕیی چەند كەسێك لە دۆسیەكانیان، كەمێك تیروپشكەكە دواخرا.

ئەمڕۆ یەكشەم دووی تشرینی دووەم، كاروان ستوونی گوتەبێژی فەرمی حەج و عومرەی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ‎چاوەڕێ دەكەین تا ناوەڕاستی ئەم مانگە تیروپشكی ناوی حاجیان بكرێت.

زیاتر گوتی، بەشێك لەو حاجیانەی بۆ وەرزی حەجی ساڵی 2026 كەموكورتی لە مامەڵەكانیاندا هەبوو، تا ئێستەش چارەسەریان نەكردووە، بۆیە ئەنجامدانی تیروپشك بۆ ناوەكانیان دواكەوت.

‎باسی لەوەش كرد، چاوەڕێ دەكەین تا ناوەڕاستی ئەم مانگە تیروپشك بكەین و ناوەكان رابگەیەنین.

ئەمساڵ بۆ یەكەمجار كاروباری حاجیان بۆ ناو تۆماركردن بە ئەلیكترۆنی كرا، ماوەی 40 رۆژ دانرا بۆ تۆماركردنی ناوەكان و هەزاران خەڵك ناویان نووسیوە.


وشە - رامیار جەواد