بەرەی گەل لەسەر گیرانی لاهوور شێخ جەنگی و دارودەستەكەی راگەیەنراوێكیان بڵاو كردەوە و پاڵپشتی قسەكانی ئەمڕۆی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەكەن، داوا دەكەن داواكاری گشتیی ئەو دۆسیەیە بجوڵێنێ.
رۆژی 22ی ئاب، هێزەكانی یەكێتی هەڵیانكوتایە سەر هۆتێل لالەزار و لاهوور شێخ جەنگی و برایەكی دوای سێ سەعات شەڕكردن گیران.
بەرەی گەل ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وتارێكی بانگەشەی حزبیەكەی خویدا لە شەقڵاوە زۆر بە روونی و ڕاشكاوی دەست نیشانی ئەوانەی كرد كە لە ڕۆژی 22ی ئاب بە تۆپ و تانك پەلەماری لالەزاریاندا لە شاری سلێمانی، چەندان كەسیان كوشت و برینداركرد و سەرۆكی قەوارەی بەرەی گەل لاهور شێخ جەنگی و دەیان كەسیان گرت. ئەوە جگە لەوێرانكردنی چەندان باڵەخانە و تاڵان كردنی.
هەروەها دووپاتیان لەوە كردووەتەوە كە گوژمەیەك پارەی یانەی نەورۆزیش لەوكاتەدا تاڵان كراوە، بۆیە ئەم دەربڕینەی سەرۆكی حكوومەت بەسە بۆ ئەوەی داواكاری گشتی و ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان دۆسیەی ئەم ڕووداوە بجوڵێنن، تا تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە و یاسا سەروەربێت.