ڕێکخراوەکانی مەسیحی بۆ بافڵ تاڵەبانی: ناومان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکارمەهێنە

:: AM:12:12:03/11/2025 ‌
چواردە ڕێکخراو و سەنتەری کۆمەڵگەی مەدەنیی مەسیحی لە پارێزگای هەولێر، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دایەوە و ڕایان گەیاند، "قسەکانی لێدوانێکی نابەجێ و پڕ لە هەڕەشەیە".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئێمە وەک کریستیانەکان هەمیشە فاکتەری ئاشتی و پاڵنەری لێکتێگەیشتن بووینە لە کوردستان، بۆیە قبووڵی ناکەین هیچ کەسێک لەبەر بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، ناو و پێگەی کریستیانەکان لێڵ بکات و وەک ئامرازێک بۆ هەڕەشەکردن لە ڕکابەرەکانی بەکاری بهێنێت.

ڕێکخراوەکان سێ پرسیاری ڕەخنەگرانەیان ئاڕاستەی بافڵ تاڵەبانی کردووە و نووسیویانە:

"لە کوێ بوون کاتێک سەرۆک کۆماری عێراق، کە خزمتانە، مەرسوومی کۆماریی لە سەرۆکی کەنیسەکانی ئێمە ستاندەوە؟"

"لە کوێ بوون کاتێک کادرانی یەکێتی سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتای کریستیان و تورکمانەکان لە دادگاکانی بەغدا پێشکەش کرد؟"

"بۆچی تا ئێستە هیچ هەڵوێستێکتان بەرانبەر ڕەیان سدیق (کلدانی) نییە، کە خۆی بە هاوسەرۆکی یەکێتی دەناسێنێت و میلیشیاکەی چەندان گوند و شاری کریستیانەکانی لە دەشتی نەینەوا داگیر کردووە؟"

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، ڕێکخراوەکان دووپاتیان کردووەتەوە، جارێکی تر ئەم لێدوانانەی بافڵ تاڵەبانی کە دوورن لە ڕاستی و هۆکارن بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی، ڕەت دەکەینەوە.

ناوی ڕێکخراوەکان:
کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کلدانی
کۆمەڵەی مارعۆدای کشتوکاڵی
یانەی مامۆستایانی خێزانی
سەنتەری ئەکادیمیی کۆمەڵایەتیی عەنکاوە
تیپی شەمشا بۆ نواندن
یانەی ڕۆشنبیریی ئاشووری
یانەی فەرمانبەرانی عەنکاوە
ڕێکخراوی پشتیوان لە مافەکانی ئەرمەن
ڕێکخراوی سورایا بۆ ڕاگەیاندن
کۆمەڵەی حدیاب بۆ توانستەکان
ڕێکخراوی شەقڵاباد بۆ پەرەپێدانی گەنجان
کۆڕبەندی خانەنشینانی عەنکاوە
یانەی لاوانی کۆمەڵایەتیی عەنکاوە
کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی ئەرمەنی


وشە - پۆڵا مەحموود