نووسەرێكی دیاری سلێمانی لەبارەی ئاشكراكردنی تەرمی چەكدارەكەی لالەزار رای گەیاند، ئەوەی دوو مانگە لە مەیتخانەی سلێمانی كەوتووە، تەنیا تەرمی گەنجێك نەبوو كە لە شەوێكی هاویندا سووتێنرا، بەڵكو ئەوە ویژدانی مردووی ئێمە بوو.
دوای تێپەڕبوونی نزیكەی سێ مانگ بەسەر ڕووداوەكەی لالەزار، ناسنامەی تەرمی یەكێك لە چەكدارە كوژراوەكان كە بە تەواوی سووتابوو، لە نەخۆشخانەی شاری سلێمانییە و ئاشكرا دەبێت.
ئەو تەرمەی لە پزیشكی دادی سلێمانی پشكنینی DNAـی بۆ كراوە، دەركەوتووە تەرمی چەكدارێكە بە ناوی 'ڕێكار عەبدولڕەزاق حەمەدئەمین' و تەمەنی 28 ساڵە، دانیشتووی گوندی پیرۆمەرە لە شارەدێی سمێلانی شارۆچكەی چۆمان.
عەزیز رەئووف نووسەرێكی دیاری شارەكەیە و لەمبارەیەوە دەنووسێت: ئەوەی دوو مانگە لە مەیتخانە پاڵ كەوتووە، تەنیا جەستەی سارد و سڕی گەنجێك نەبوو، بەڵكو ئەوە قەڵەمی ڕۆشنبیرانی ئەم وڵاتە بوو، عەمامەی ویژدانی مەلاكان بوو، ویژدانی مردووی ئۆپۆزسیۆن بوو، مایكی درۆزنانەی ڕۆژنامەنووسان بوو، شكۆی شكاوی پارێزگار بوو.
عەزیز دەڵێت: تەرمێكی سارد و سڕ لەو مەیتخانەیەی سلێمانی، غیرەتی هەموومانی دەرخست. تەرمی گەنجێك لە مەیتخانە، سلێمانی لە شاری هەڵمەت و قوربانییەوە گۆڕی بۆ شاری بێدەنگی و سەركزكردن.