مەسروور بارزانی ئۆتۆمبێلێكی ئاگركوژێنەوەی بۆ سلێمانی دابین كرد

:: PM:12:00:04/11/2025 ‌
بەفەرمانی مەسروور بارزانی، ئۆتۆمبێلێكی پێشكەوتووی ئاگركوژێنەوەی بە بڕی زیاتر لە دوو ملیۆن یۆرۆ بۆ سلێمانی دابین كرا.

ئەمڕۆ سێشەم چواری تشرینی دووەم، بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئۆتۆمبێلێكی پێشكەوتووی ئاگركوژێنەوە و ڕزگاركردن كە توانای گەیشتنی بە بەرزی 100 مەتر هەیە، لە هەولێرەوە ڕەوانەی سلێمانی كرا و بڕیارە ئەمڕۆ بگاتە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی.

ئەم ئۆتۆمبێلە كە لە جۆری سۆكەیگ (Socage)ـی ئیتاڵییە، بە یەكێك لە پێشكەوتووترین ئۆتۆمبێلەكانی ئاگركوژێنەوە دادەنرێت لەسەر ئاستی دنیا، بەتایبەت بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ڕووداوەكانی ئاگركەوتنەوە لە باڵەخانە بەرزەكان و ئۆپراسیۆنەكانی ڕزگاركردنی هاووڵاتییان.

لەسەر داهاتی ناوخۆ، دوو ئۆتۆمبێل كڕاون، یەكێكیان بۆ هەولێر و ئەویتریان بۆ سلێمانی تەرخان كراوە

هەروەها ئۆتۆمبێلێكی تریش لەسەر داهاتی ناوخۆی پارێزگای دهۆك بۆ بەرگریی شارستانیی دهۆك دابین كراوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەگات.

گرێبەستی كڕینی ئەم سێ ئۆتۆمبێلە، لە 24ی تشرینی یەكەمی 2023 واژوو كراوە و كۆی گشتی تێچووی كڕینیان، شەش ملیۆن و 750 هەزار یۆرۆ بووە.





وشە - سۆران عەزیز