ژمارەیەك لەو گیراوانەی كە لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی لە رۆژی 22ی ئاب /ئەو ڕۆژەی چەكدارانی یەكێتی بە تانك و تۆپ هەڵیانكوتایە سەر هۆتێل لالەزار/ بەردەوام لە گرتووخانەكان ئەشكەنجە دەدرێن.
رۆژ بە ڕۆژ دۆخی لاهوور شێخ جەنگی و ئەو گیراوانەی تر بەرەو خراپی دەڕوات، لە سەرەتا زیاتر لە 200 كەس گیران، بەڵام دواتر لەژێر گوشاردا چەند كەسێكیان لێ ئازاد كرا.
ئەو كاتە كەسوكاری گیراوان بەزۆر بردرانە سەر شاشەی كەناڵەكانی یەكێتی و گوتیان دۆخی گیراوان زۆر باش بووە كاتێك سەردانیان كردوون، بەڵام ئێستە دۆخەكە گۆڕاوە و یەكێتی دەیەوێ لەژێر ئەشكەنجەدا قینی خۆی بەرانبەر گرووپەكەی لالەزار برژێ.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ئەگەرچی لە رابردوودا چەند جارێك سەردانی ئەو گیراوانەیان كردبوو، بەڵام دواتر لەلایەن یەكێتییەوە رێگرییان لێ كرا و لە بەیاننامەیەكدا گوتیان، یەكێتی نایەوێ زانیاری ناو گرتووخانەكان وەربگیرێت و رێگری دەكات.
لە دوایین لێدواندا شادمان مەلا حەسەن، بەرپرس لە بەرەی گەل /رەوتەكەی لاهوور شێخ جەنگی/ رای گەیاندبوو، هەندێكجار تیروپشك بۆ گیراوان دەكرێت و لەسەر ئەو بنەمایە ئازاد دەكرێن.
ئەوە لە كاتێكدایە، هەر ئەمڕۆ تەرمی یەكێك لە كوژراوانی لالەزار كە چەند مانگێكە لە پزیشكی دادییە و بەهۆی سووتاوییەوە ناناسرێتەوە، رادەستی كەسوكارەكەی كرایەوە.
خەڵكی كوردستان و بەتایبەت سلێمانی ئەو دۆخەی شارەكەیان بیرناچێتەوە، كە تانك و دەبابە بە سەرچناردا دەڕۆیشت بۆ تەسفییەكردنی ئامۆزاكەیان و ئێستەیش شارەكە بۆنی سەربازگەی لێ دێ، نەك پایتەختی رۆشنبیری.