خوێندنی خۆڕایی بۆ كوڕ و كچی شەهید و تاقانەی كیمیاباران دابین دەكرێت

:: AM:11:01:05/11/2025 ‌
پەیمانگەی تەكنیكی هەڵەبجە، كورسیی خوێندنی خۆڕایی بۆ كوڕ و كچی شەهید و هاوكات بۆ كوڕ و كچی تاقانەكانی كیمیاباران و بریندارانی چەكی كیمیایی دابین دەكات .

كامەران مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە، لەگەڵ د. كارزان عەبدوڵا نوێنەری راسپێردراوی دەستەی ئەمیندارانی پەیمانگەی تەكنیكی و پیشەیی هەڵەبجە رایان گەیاند، بە مەبەستی گەیاندنی هاوكاری و پشتیوانی بۆ كەسوكاری شەهیدان و بریندارانی چەكی كیمیایی لە كەرتی خوێندندا و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ كەسوكاری شەهیدان و بریندارانی چەكی كیمیایی، ئەم دەستپێشخەرییەی كردووە.

پەیمانگەكە وێڕای دابینكردنی كورسیی خوێندنی خۆڕایی بۆ كوڕ و كچی شەهید، ساڵانە 12 كورسی بەشێوەی خۆڕایی بۆ كوڕ و كچی (تاقانەكانی كیمیاباران و بریندارانی چەكی كیمیایی)ی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دابین دەكات .

ئاماژە بەوە كراوە، پەیمانگەی تەكنیكی و پیشەیی هەڵەبجە، دەبێتە یەكەم پەیمانگە لەسەر ئاستی هەرێم، كورسیی خۆڕایی بۆ كوڕ و كچی تاقانەی كیمیاباران و بریندارانی چەكی كیمیایی دابین بكات .

هاوكات داشكاندن بەڕێژەی 20% لە كرێی خوێندن لە پەیمانگەكەیان بۆ برا و خوشكی كەسوكاری شەهیدانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێ دەكات، كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدانی هەڵەبجەوە پشتڕاست بكرێنەوە .




وشە - سۆران عەزیز