ئاسۆ عەبدولەتیف: كاتی ئەوە هاتووە یەكێـتی خۆی بە بەرپرسیار بزانێت وەك پارتی كاربكات

:: PM:01:10:05/11/2025 ‌
نووسەر و رۆژنامەنووسێكی دیاری كوردستان رای گەیاند، با یەكێتی مۆدێلی خۆی هەبێت و ئەویش پڕۆژەی تری بۆ باشتركردنی كوردستان هەبێت، ئیتر نەڵێت: دەسەڵاتم نییە و هەمووی لای پارتییە.

ئاسۆ عەبدولەتیف كە نووسەرێكی سنووری هەڵەبجە و سلێمانییە، لە گوتارێكی كورتیدا لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە و رای گەیاند، ئایا كاتی جیاكردنەوەی مۆدێلەكانی ئاوەدانكردنەوەی پارتی و یەكێتی نەهاتووە؟

ئاسۆ دەڵێت: هەر بۆ نموونە ئەو پۆندانەی بۆ كشتوكاڵ و لەوەڕگە و ئاژەڵداری و گلدانەوەی ئاوی ژێرزەوی دروست كراوە، لە چوار ساڵی ڕابردوو 23 پۆند و نۆ بەنداوە، هەموویان مۆدێلی ئامادەكراوی پارتین.

باسی لەوەش كردووە، سەپاندنی بۆ زۆنی سەوزی یەكێتی هیچ گونجاو نییە و قبووڵكراو نییە، دەی قبووڵكراو نەبێ پێویستە یەكێتی مۆدێلی خۆی هەبێ باشتر لەوەی پارتی.

ئەو نووسەرە باسی لەوەش كردووە، ئەگەرچی یەكێتی وەك پارتی پارە و بودجەی لە بەردەستە و دەزانین مۆدێلی حوكمڕانیی خۆی هەبووە لە ڕابردوودا، لەوانە دەرهێنانی نەوت و هەناردەی گاز، جادەوبان و پرد و تونێل و ئاوەدانیی شار و گوندەكان، بەڵام جوان تەوزیفیان نەكردووە.

ئەوەشی روون كردووەتەوە، كە میدیای پارتی سەركەوتوو بووە لەوەی مۆدێلێك لە حوكمڕانی ڕەشید، وڵاتێك لە ئاوەدانیت بەرچاو بخات.

ئەو راگەیاندنە ئەجێندایەك لە وردبینی و خێرایی لە ڕاپەڕاندنی پڕۆژەكانی حكوومەت و پارتی باش گەیاندووە بە خەڵك. 

ئاسۆ ئاماژەی بەوە داوە، با یەكێتی مۆدێلی خۆی هەبێ و باشتر لەوەی پارتی دەركەوتووبێت، پڕۆژەی ستراتیجیی هەبێ.

دەڵێتـ: با چیتر یەكێتی نەڵێ دەسەڵات لای پارتییە، با ئیدارەی سلێمانی شەڕی ئەوە بكات كە ئەویش كار دەكات و پێشانی هەمووانی بدات و لەوەی پارتی باشتر دەكات.

ئەو نووسەرە باسی لەوە كردووە، بۆ دەبێ پردی تووەقوت لە ساڵی 2024 و ئەوە نزیك بەدوو ساڵە بەردی بناغەی دانراوە لە زۆنی سەوز و پارێزگای هەڵەبجە، تا ئێستە وەك باس دەكرێ ڕێژەی 20%ی تەواو كراوە، ئەمە بۆچی وا خاو دەڕوات تا ئاستی شكست و كێ بەرپرسە؟



وشە - سۆران عەزیز