15 كیلۆمەتر لە رێگەی جووتسایدی هەولێر- كۆیە بۆ قیرتاوكردن ئامادەیە، بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بكرێت بە قیرتاوكردنی، نوێترین كارگەی بەرهەمهێنانی قیر لەو شوێنە دامەزراوە.
ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی تشرینی دووەم، حەردان سەعید سەرپەرشتیاری دروستكردنی رێگەی هەولێر- كۆیە، بە "وشە"ـی راگەیاند، نوێترین و مۆدێرنترین كارگەی قیرمان لە سنووری كارەكەمان دامەزراند.
زیاتر گوتی، كارگەكە توانای لە سەعاتێكدا بریتییە لە بەرهەمهێنانی 240 تۆن قیر، ئەوەش ئاستێكی زۆرباشە بۆ كارەكانی ئێمە، بۆیە لە هەفتەی داهاتوو دەست بە قیرتاوكردن دەكەین.
باسی لەوەش كرد، ئێستە 15 كیلۆمەتر بۆ قیرتاوكردن ئامادەیە، تیمەكانمان بەردەوام كار دەكەن ئەو 15 كیلۆمەترە تەواو بێت، بەشێكی تریش بۆ قیرتاوكردن ئامادە دەبێت.
روونی كردەوە، سبەی دەست دەكرێت بە پێدانی ڕژانی رۆنە ڕەشە، بۆیە لە هەفتەی داهاتوو راستەوخۆ دەست دەكرێت بە قیرتاوكردنی ئەو رێگە گرنگە.
كاری هەڵكۆڵین و راستكردن لە جووتسایدی هەولێر- كۆیە، گەیشتە دێگەڵە و ئێستە تیمەكان لە نزیك گوندی سماق شیرین سەرقاڵی كاركردن، ئەوەش كەمتر لەو كاتە بوو كە بۆ پڕۆژەكە دانرابوو.
ئەوەش زانراوە، ئێستە بڕین و هەڵكۆڵین لەو شوێنە دەستی پێ كردووە، بەمەش ئاستی بڕین و ئامادەكاری بۆ شەقامەكە نزیك دەبێتەوە لە نیوەی كارەكانی، ئەو شوێنە كەوتووەتە ناوەڕاستی رێگەكەی نێوان هەولێر و كۆیە.
پڕۆژەی دووسایدی هەولێر- كۆیە كە لەلایەن مەسروور بارزانی، بەگوژمەی 435 ملیار دینار بەردی بناغەی دانرا، كاركردن تێیدا لەلایەن كۆمپانیای ئاوزان بە سەرپەرشتیاری بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەولێر بەردەوامە، ڕۆژانە ستافێكی هەزار و 500 كەس بۆ ماوەی 10 سەعات كار لە ڕێگەكەدا دەكەن.
ئێستە كاركردن لە پڕۆژەكە گەیشتووەتە نزیكەی 30 كیلۆمەتر، پڕۆژەكە قۆناغی بڕین و پڕكردنەوەی كۆتایی هاتووە و پتر لە 300 ئامێر كار دەكەن لەو پڕۆژەیەدا، زیاتر لە یەك ملیۆن مەتر سێجا كاری بڕین و یەك ملیۆن كاری پڕكردنەوەی تێدا ئەنجام دراوە.
هەروەها زۆربەی كاری ئاوبەرە كۆنكرێتییەكانی كراوە، كۆمپانیا كارگەی كۆنكرێت و قیری تایبەت بەخۆی لە پڕۆژەكەدا داناوە، هەروەها كاری فەرشكردنی چینی سەرەكی تێكەڵە دەستی پێ كردووە، بڕیارە لە ماوەیەكی كورتدا دەست بكرێت بە فەرشكردنی قیر.
خاڵی دەستپێكی رێگەكە كە دەكەوێتە بەرانبەر باخچەی ئاژەڵانی هەولێر تەواو بووە، بە تەواوبوونی ماوەی نێوان ئەو دوو شارە، لە سەعاتێكەوە بۆ كەمتر لە نیو سەعات كەم دەبێتەوە.
رێگەكە 32 مەتر پان دەبێت و پردێكی بە درێژیی 250 مەتر لەسەری دروست دەكرێت، هەروەها پێنج ئۆڤەرپاسیشی تێدا دەبێت.
ئەو رێگەیە هاتوچۆی خەڵك بەنزیكەی 20 بۆ 25 خولەك كورت دەكاتەوە و كاتێكیش ڕێگەی هەولێر- كۆیە تەواو دەبێت، لە خاڵی كەسنەزانەوە دێتە ناو سەنتەری شاری هەولێرەوە، ئەگەر هەر ڕێبوارێك بیەوێت بەرەو پارێزگای دهۆك بڕوات، دەتوانێت ڕاستەوخۆ شەقامی 150 مەتری بەكار بهێنێت و بەمەش جەنجاڵی ناو شاری هەولێر كەم دەبێتەوە.
رۆژی پێنجشەم 10ـی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمێكی تایبەتدا، بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر- كۆیەی دانا.
سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە كە ئەم ڕێگەیە دەتوانێت ئاسانكارییەكی زۆر بكات بۆ بەستنەوەی شاری كۆیە و تەقتەق و دەوروبەری بە هەولێر. هەروەها یارمەتیدەری بەستنەوەی هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانیشە و تەواوكردنی دووسایدی ئەو دوو پارێزگایە و سەرەنجام بەستنەوەی شارەكانە بە یەكتر.
سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە، ئێمە بەرنامەمان زۆر هەبووە بۆ دروستكردنی تۆڕێكی باشی ڕێگەوبان و بەستنەوەی هەموو شارەكان بە یەكترەوە. گوتیشی پێش چەندان ساڵ، بەرنامەی جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە هەبووە، بەڵام بە هۆكاری جیاواز و ئەو گرفتانەی بۆ حكوومەت و كابینەكانی پێشتر هاتنە پێشەوە، نەتوانرا جێبەجێ بكرێت، بەڵام ئێستە بڕیارمان داوە بە دیزاین و كوالێتییەكی باشتر و مەرج و ستاندارێكی نێودەوڵەتی پڕۆژەكە جێبەجێ بكەین، هیوادارم لە ماوەیەكی نزیكدا پڕۆژەكە بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان.
سەرۆكی حكوومەت هەروەها ڕوونی كردەوە، هەموو شارێكی كوردستان پێویستی بە خزمەتی زیاترە. خەڵكی خۆشەویستی كۆیەش شایانی ئەوەن خزمەتێكی باشتر بكرێن.
هیوادارم چیتر ڕێگری و بەربەست نەبن بۆ ئەوەی دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری بە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان بگەیەنین. چونكە بەرنامەی حكوومەت ئەوەیە پڕۆژەكانی حكوومەت لە هەموو ناوچە كوردستان بێ هیچ جیاوازییەك جێبەجێ بكەین.
سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوە دا كە پێشتریش حكوومەت بڕیاری داوە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان لە هەموو پارێزگا و ناوچەكان جێبەجێ بكرێن، تەرخانی داراییشیان بۆ بكرێت. بەڵام لە پارەداركردن و جێبەجێكردندا بەداخەوە بەربەست هەبووە. هیوادارم چیتر ئەم بەربەستانە نەمێنن تا هەموو لایەكمان شاد بین بەو هەڵمەتی شۆڕشی خزمەتگوزارییەی لە حكوومەتەوە دەستمان پێ كردووە .