ئەشواق جاف، سەرۆكی لیستی پارتی لە سلێمانی رای گەیاند، هەڵمەتێكی چڕ بۆ لێكردنەوە و دڕاندنی فلێكسەكانی پارتی لە سلێمانی دەستی پێ كردووە، پێیان وایە ئێمە بە وێنە و پۆستەر دەنگ كۆ دەكەینەوە.
جاف لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، پارتی بە وێنە دەنگ كۆ ناكاتەوە بە پڕۆژە و بنیاتنانی كوردستان دەنگ كۆ دەكاتەوە، بۆیە پێویستە هەڵمەتی دڕاندنی فلێكس و وێنەكان راگرن.
هەروەها گوتی، خەڵكی كوردستان دەزانن 275 لیستی خۆنەچەماندنە، پێویستە دەزگا تەناهییەكانی سلێمانی بە ئەركی خۆیان هەڵبستن و ئەو كەسانەی پێشێلكاری بەرانبەر كاندیدانی پارتی دەكەن، بیاندەنە دەست یاسا.
دووپاتی كردەوە، تا ئێستەیش پارتی بە هێمنی بانگەشە دەكات، چونكە رێنوێنیی سەرۆك بارزانییە و لە سنوورەكانی پارتی فلێكسی یەك لایەن دەستكاری نەكراوە.
ئەشواق جاف گوتی، رۆژی یەكشەمی رابردوو ئاهەنگێكی گەورەی لایەنگرانی پارتی بەڕێوەچوو، كە تێیدا نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی گوتاری هەبوو، دوای ئەوە لەو سنوورە تووشی شۆك بوون و هەڵمەتی دڕاندنی فلێكسەكان دەستی پێ كرد.