ڕێبەر ئەحمەد ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان و وەزیری ناوخۆ كۆبوونەوەیەكی جەماوەری فراوانی بۆ ژمارەیەك لە ئەندام و كادرانی پارتی لە شاری هەولێر بەڕێوە برد.
لە سەرەتادا، ڕێبەر ئەحمەد باسی لە بایەخی بەهێزی پارتی لە بەغدا كرد بۆ داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراقی بە گرنگ بۆ پێداگیری لە راستكردنەوەی پێشێلكارییە دەستوورییەكان بەرانبەر مافەكانی كوردستان و جێبەجێكردنی مادەی 140 و مادە دەستوورییەكانی تر كە دەبنە هۆكاری هێنانە كایەوەی عێراقێكی فیدراڵ و سەقامگیر بۆ هەموو هاووڵاتییان.
هەروەها، باسی لە دیدی سەرۆك بارزانی و ڕێنوێنییەكانی كرد بۆ كاندیدانی پارتی كە پێویستە دوای دەرچوون ببنە نوێنەری خەڵكی بەشخوراو و داكۆكی لە مافەكانی هەموو هاووڵاتیان بكەن.
رێبەر ئەحمەد تیشكی خستە سەر، پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی كرد كە سەرەڕای هەموو بەربەستە ناوخۆیی و دەرەكییەكان و بڕینی بودجە، توانراوە بەشێكی گرنگی كێشە بنەڕەتییەكانی هاووڵاتییان وەك كارەبا و ئاو و ڕێگاوبان چارەسەر بكرێن و پڕۆژەی ستراتیژجی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە لافاو و گلدانەوەی ئاو بۆ پاڵپشتی كشتوكاڵ و كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.
دابینكردنی ئاسایش و ئارامی و دڵنیایی بۆ هاووڵاتیان لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە بۆتە هۆكاری بوژاندنەوەی ئابووری و بەرزكردنەوەی ئاستی دڵنیایی هاووڵاتیان و ئاستی متمانەیان بە دامەزراوەكانی دەوڵەت، تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو. دووپات كرایەوە كە ئاستی ئارامی و سەقامگیری بەرهەمی پێكەوە كاركردن و شەونخونی هێزە تەناهییەكان و پێشمەرگەیە لەگەڵ هەماهەنگی و چاوكراوەیی و هاوكاری بەردەوامی هاووڵاتییان. ئەمەش هێمای بەرزی ئاستی نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزی بۆ خاك و كوردستانە.
هەڵوەستە لەسەر ئەوەكرا كە ئەوەی هاتۆتە دی بەرهەمی ماندووبوونی خەڵكی كوردستان و پێشڕەوایەتی پارتی و سەرۆك بارزانییە، بۆیە هاووڵاتیان ئەمڕۆ لە هەر كاتێك زیاتر لەو ڕاستییە گەیشتوون كە بەهێزبوونی پارتی واتا بەهێزبوونی كوردستان و زیادبوونی خزمەتگوزاری و گەشەكردنی ئابووری و پتەوكردنی زیاتری ئەمنیەت و دلێربوونی زیاتری دەنگی كوردستان لە بەغدا.