دوای دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ بەیانی كاركردن لەو پڕۆژەیە دەستی پێ كرد و نمایشی كار، شۆفڵ و لۆری و بارهەڵگرەكان لە بەشی رۆژهەڵاتی ناو شار دەبینرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی تشرینی دووەم، كاركردن لە پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان دەستی پێ كرد و چەندان شۆفڵ و لۆری و بارهەڵگر لە شوێنەكە دەستیان بەكار كردووە.
هاوكات كارزان هادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەم پڕۆژەیە بۆ هەولێر زۆر گرنگ بوو، هاوكات وەڵامێكە بۆ گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا كە كاریگەرییەكانی بەتایبەت لە عێراق دەركەوتووە.
زیاتر گوتی، ئەو ناوچەیە لە ڕابردوودا كەندێك بووە بۆ پاراستنی هەولێر لە لافاو، بەڵام بەهۆی فراوانبوونی شارەوە، بووەتە ڕێڕەوێك بۆ ئاوی پیسی ماڵان. خۆشبەختانە لە دیزاینی نوێی پڕۆژەكەدا ئاوی پیس بە ئاوەڕۆیەكی سندووقی (Box Culvert) دەگوازرێتەوە، ڕێڕەوەكە وەك شوێنێكی گەشتیاری و سەوزایی بەكار دەهێنرێت.
پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان لە سێ دەریاچە پێكهاتووە و بە چواردەوری هەولێردا دەسووڕێتەوە، دیزاینەكەی لەلایەن ئەندازیارانی ناوخۆیی و ڕاوێژكارانی ئیتاڵییەوە دانراوە، ئیتر سیمایەكی جوان بە شاری هەولێر دەبەخشێت و هەولێر دەچێتە قۆناغێكی ترەوە.
پانیی ڕێڕەوی پڕۆژەكە نزیكەی 15 بۆ 25 مەترە، هەروەها قووڵییەكەشی پێنج مەترە، ئاوی پڕۆژەكە بە دوو ڕێڕەو دابەش دەكرێت و بەشێوەی بازنەیی بە دەوری شاردا دەسووڕێتەوە، لە قۆناغی یەكەمدا لە گەڕەكی شاوەیس و سێبەردان دەست پێ دەكات تا دەگاتە ڕێگەی سەرەكیی كەركووك و دواتر ڕێگەی مەخموور.