دوای هەولێر.. سلێمانیش بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكانی دا

:: AM:11:24:06/11/2025 ‌
لە دوای هەولێر، سلێمانیش بڕیاری داوە پاڵاوگە نایاساییەكان دابخەن و خاوەنەكانیشیان رووبەڕووی رێكاری یاسایی بكەنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی تشرینی دووەم،  قایمقامییەتی سلێمانی بڵاوی كردەوە، هەموو ئەو پاڵاوگانەی بەشێوەی نایاسایی كار دەكەن، بەسەر دەكەنەوە و بەپێی یاسای پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان، مامەڵە لەگەڵ ئەو پاڵاوگایانە دەكەن ‌كە تێزاب بەكار دەهێنن.

ئەوە لە كاتێكدایە ژینگەی سلێمانی بەهۆی پاڵاوگە و تێزاب و نەوت و گازوایل رشتن و بێسەروبەریی كارگەكان، بەتەواوی پیس كراوە.

قایمقامییەتی شارەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، دوێنێ چوارشەم بەهاوكاریی یاریدەدەرێتی ئاسایشی زڕگوێز، شەش پاڵاوگەی نایاساییان داخستووە، هەروەها بەتۆمەتی پیسكردنی ژینگە،‌ 12 تۆمەتباریان گرتووە.

لە پێناو پاراستنی ژینگەی شارەكە و تەندروستیی گشتیی هاووڵاتییان، هەڵمەتەكانی لیژنە هاوبەشەكان بەردەوام دەبێت و تەواوی پاڵاوگە نایاساییە‌كان دادەخرێن، خاوەنەكانیشیان رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە. قایمقامییەت وا دەڵێت.

ئەم هەڵمەتە دوای ئەوە هات كە پێشتر لە هەولێر دەست كرا بەداخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان، ئەوانەشی بەیاسایی كار دەكەن، مەرجە ژینگەییەكانیان بەسەردا سەپێنرا، ئەوەش وایكرد هەوای شارەكە گۆڕانكاریی بەسەردا بێت.



وشە - سۆران عەزیز