سەرۆك بارزانی: دوژمنان بە پیلانی جۆراوجۆر هەوڵی تێكدانی ئەو ئەزموونەی هەرێمی كوردستان دەدەن

:: PM:04:50:06/11/2025 ‌
لە پیرمام، سەرۆك بارزانی لەگەڵ بەرپرس و كادیرانی لقی شەشی ئەوروپای پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوویەوە.

لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانیان، خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە گەڕانەوە و پاڵپشتیان بۆ سەرخستنی لیستی 275ـی پارتی دیموكراتی كوردستان. لەو سونگەیەشەوە سەرۆك بارزانی باسی لە ڕۆڵ و ماندووبونی هەڤاڵانی تاراوگە كرد كە هەمیشە بۆ سەرخستنی پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان ڕۆلی بەرچاویان هەبووە و تێكۆشاون، و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.

سەرۆك بارزانی لە بارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كورتەیەكی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو و باسی لە بنەماكانی دەستووری هەمیشەیی عێراق و پێڕەونەكردنی بڕگەكانی دەستوور كرد كە بوون بە هۆكاری سەرهەڵدانی دەیان كێشە و گرفت لە نێوان هەولێر و بەغدا.

 هەروەها سەرۆك بارزانی دووپاتی كردەوە كە جێبەجێكردنی بڕگەكانی دەستووری عێراق هۆكاری سەرەكی سەقامگیری و ئاوەدانی و پێكەوەژیانە.

لە بەشێكی تری وتەكەیدا سەرۆك بارزانی پوختەیەكی لە بارەی زوڵم و تاوانكارییەكانی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق دەرهەق بە گەلی كوردستان خستە ڕوو. رای گەیاند دوای ئەو هەموو زوڵم زۆرداری و ماڵوێرانییەی كە بەسەر گەلی كوردستاندا هات، ئێستە كە هەرێمی كوردستان خاوەنی قەوارەیەكی سیاسییە و لەو چوارچێوەیەدا وێڕای هەبوونی ئاستەنگ و ڕێگری بەردەوام هەرێمی كوردستان لە هەوڵێكی چڕدایە بۆ پێشخستن و ئاوەدان كردنەوەی شار و شارۆكەكانی بەبێ جیاوازی و پڕۆژەی زۆر گەورەش ئەنجامدراون پشكی شێری ئەو پرۆژانەش بە توانای دەستی ناوخۆیی هاتوونەتە ئاراوە، هەروەها سەرۆك بارزانی بە ئامادەبوانی راگەیاند كە چۆن لە رابردوودا پێشمەرگە ئاسا تێكۆشاون لە ئێستاشدا بەردەوام بن دژی ئەو هەوڵانەی كە بۆ خەڵك و حكومەت و هەرێمی كوردستان بە گشتی دروست دەكرێن. 

سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە دوژمنان بە پیلانی جۆراوجۆر هەوڵی تێكدانی ئەو ئەزموونەی هەرێمی كوردستان دەدەن، بە تایبەت لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی مادەی هۆشبەر لەناو كۆمەلگادا.

هەروەها سەرۆك بارزانی بە ئامادەبوانی راگەیاند كە پێویستە هەموومان پشت بوخۆمان ببەستین و چاومان لە دەستی كەس نەبێت. لە مێژوودا دیارە چ كاتێك كوردستان كەوتبێتە دۆخێكی مەترسیدار و بەر هێرشی نەیاران، هەر پێشمەرگە بووە بە تەنها بەرگریكری لە خاك و كەڕامەتی كوردستانییان كردووە.

لە كۆتایی وتەكەیدا سەرۆك بارزانی رای گەیاند ئێمە پشتمان بە خودا و گەلی خۆمان بەستووە، بۆیەش لە هیچ دۆخێك و لە ژێر هیچ فشارێك سازش لەسەر مافە رەواكانی گەلی خۆمان ناكەین.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم