شاندی دانووستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی كوردستان پەیامێكیان بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنن، دەركەوت كە یەكێتی نایەتە پێش بۆ رێككەوتن تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و چەندین جاریش لەوە ئاگادار كراونەتەوە كە ئەوە لە بەرژەوەندی هەرێمدا نیە و پارتی ئەوە بە پەسەند نازانێت.
دەقی ڕاگەیاندراوەكەی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان:
سەڕەرای دروست كردنی كۆسپ و تەگەرەی زۆر لە بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە ئامانج لێی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن یان لاوازكردنی پارتی بوو، بەڵام پارتی بە بڕوا بوون بە جەماوەر و دڵسۆزانی، بەشدارییەكی كارای لە هەڵبژاردنێكی سەركەوتوودا كرد كە براوەی یەكەم تیایدا هەرێمی كوردستان بوو، جارێكی تریش پارتی متمانەیەكی بەهێزی گەلی كوردستانی بەدەست هێنا.
دوای پەسەندكردنی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن، پارتی لە ڕوانگەی كاری پێكەوەیی و لە پێناو تازەكردنەوەی شەرعیەتی یاسایی بۆ دامەزراوەكانی هەرێم و رێزگرتن لە ئیرادەی گەلی كوردستان، هەروەكو بەڵێن درا كە دەرگای گفتوگۆ بۆ هەموو لایەنەكان لە سەر راسپاردەی سەرۆك بارزانی كراوەبێت، شاندەكەمان دەستی بە سەردانی سەرجەم لایەنەكان كە كورسیان بەدەستهێناوە كرد.
لە چوارچێوەی سەردان و گفتوگۆكان لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لایەنە بەڕێزەكانی دیكە كە كورسی پەرلەمانیان بە دەستهێنابوو، بەشێك لەم لایەنانە بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد و ئێمەش ڕێزمان لەو بژاردەیە گرت.
لە ڕێكەوتی 30/11/2024 لە شاری سلێمانی یەكەمین كۆبوونەوە لە نێوان شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەڕێوەچوو، لە میانەی چەندین دانیشتن بڕیار درا كە كاربكرێت لە سەر ئامادەكردنی دیدگایەكی هاوبەشی بۆ قۆناغی داهاتووی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان كە مەبەست لێی پتەوكردنی كاری دامەزراوەیی و هاوبەشییی بێت لە ئەرك و دەستەڵاتەكان و خزمەتكردنی زیاتری هاونیشتمانیان بۆ بەهێزكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان. لە چوارچێوەی ئەو دیدگا هاوبەشەدا رێككەوتن كرا لەسەر چەندین تەوەری گرنگ لە بوارە جیاجیاكانی (سیاسی، یاسایی، كارگێری، خزمەتگوزاری، دارایی و ئابووری و، سەربازی و ئەمنی).
هاونیشتمانیانی خۆشەویست
دوای ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر دیدگای هاوبەش لە ئایاری ٢٠٢٥ دەستمان كرد بە گفتوگۆ كردن لەسەر شێوازی بەشداری هەردوولا لە ئەرك و دەستەڵاتەكانی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستە پارتیمان دوو بنەمای خستنەڕوو كە بریتی بوون لە رێزگرتن لە دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن و، ڕەچاوكردنی پێگەی هەردوولا و واقیعی هەرێمی كوردستان.
لەگەڵ ئەوەی پارتی بە جیاوازییەكی زۆرەوە هێزی یەكەم بووە لەڕووی كورسی و دەنگەوە، لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆك بارزانی، بە نەفەسێكی درێژ و بە دەست كراوەیی بۆ بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان ئەو پەڕی نەرمیمان نیشاندا و زۆر زیاتر لە شایستەی دەنگ و كورسیەكانی یەكێتی ئامادەی رێككەوتن بووین بۆ دڵنیایی دان بە یەكێتی، هەم لە دیدگای هاوبەش و هەم لە بەشداری بەڕێوەبردندا پارتیمان ئامادەیی رێككەوتنی نیشاندا بە شێوەیەك كە:
بەشدارییەكی هاوسەنگ لە سەرۆكایەتیەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بكرێت بە جۆرێك كە (سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و جێگری سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی حكوومەت لای یەكێتی نیشتمانی كوردستان بن) هەروەها لە كۆی ٢٢ وەزیری حكوومەتی هەرێم كە كابینە پێك دەهێنن، پێشنیاری پارتی وا بووە كە پێكهاتەكان بە ٢ وەزیر بەشداری كابینە بن و (٨ بۆ ٩) وەزارەت لای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بن كە تیایدا وەزارەتی گرنگی بواری (سەربازی، ئابووری و داراییی و، خزمەتگوزاری) تێدایە، هەروەها بەشداریەكی كارا و كاریگەر لە بواری ئەمنی و پۆستەكانی تریش لە دەستەكان و فەرمانگەكان.
كوردستانیانی ئازیز
لەتەواوی ماوەی دانوستانەكاندا پارتی بە نەفەسێكی درێژ و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و هەستیاریی ئەم قۆناغە و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان هەموو توانایەكی خستەگەڕ و هەموو نەرمیەكی نیشاندا و، لەم پێناوەشدا جەنابی سەرۆك بارزانی بە پەرۆشیەكی زۆرەوە پشتیوانی لە هەنگاوەكانی بەڕێوەچوونی گفتوگۆكان كرد و ئامادەیی هەموو پشتیوانییەكی نیشاندا بۆ سەرخستنی پرۆسەكە و گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی پتەو و زەمانەتی جێبەجێكردنی.
لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكاندا دەركەوت كە یەكێتی نایەتە پێش بۆ رێككەوتن تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و چەندین جاریش لەوە ئاگادار كراونەتەوە كە ئەوە لە بەرژەوەندی هەرێمدا نیە و پارتی ئەوە بە پەسەند نازانێت.
لێرەدا دەمانەوێ دووپاتی ئەوە بكەینەوە كە پارتی هەمیشە بڕوای بە كاری پێكەوەیی هەبووە و هەیەتی و جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەران و خەڵكی كوردستان بگیرێت و نابێت لایەنێك بە هەبوونی هیچ هۆكارێكی نالۆژیكی ببێتە ڕێگر لە بەردەم كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم و هاووڵاتیانی كوردستان و دەنگدەرانی پارتی دڵنیا دەكەینەوە لە پێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجە و پارێزگاری لە پێگەی هەرێم و بەرژەوەندییە باڵاكانی بەردەوام دەبین لە هەوڵەكانمان و هیچ ڕێگریەك نابێتە كۆسپ لەبەردەم خزمەتكردنی زیاتری هەرێم و دابینكردنی ئایندەیەكی گەش و داهاتوویەكی ڕووناكتر بۆ خەڵكی خۆڕاگری كوردستان.
شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان
٦ ی ١١ ی ٢٠٢٥