مەسروور بارزانی: من خزمەتی خەڵكی كوردستان دەكەم لام گرنگ نییە خاكفرۆشێك چۆن بیر دەكاتەوە

:: PM:05:25:06/11/2025 ‌
لە دوای بەسەركردنەوەی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی خێرای هەولێر، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی، من خزمەتی خەڵكی كوردستان دەكەم لام گرنگ نییە خاكفرۆشێك چۆن بیر دەكاتەوە، من بیر دەكەمەوە چۆن خزمەتی دایكە شەهیدێك بكەم. 

لە سەرەتادا، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان گوتی، سوپاسی خالید خۆشناو و كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم، كە ئەمە دوا قۆناغی گەیاندنی ئاوە بۆ شاری هەولێر، ئەم پرۆژەیە خزمەتێكی زۆری هەولێر و هەرێمی كوردستان دەكات و كارەكانی پرۆژەكە زۆر بە سەركەوتوویی كراون، هەرروەها توانییان لە كاتێكی پێوانەیی كارەكانی پرۆژەكە تەواو بكەن.

مەسروور بارزانی رای گەیاند، هەموو ئەو كەسانەی سەردانی ئێرەیان كردووە، پێیان وابوو ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە سێ ساڵ هەیە تاتەواو دەكرێت، بەڵام خۆشبەختانە توانرا لەم ماوەیە كەمە دا تەواو بكرێت.

"جێگای دەستخۆشییە تەواوی كارەكانی پڕۆژەكە بە هێز و بازوویی ناوخۆیی كراوە، هەروەها تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو بەكارهاتووە بۆ دڵنیابوون لە جۆری ئاو كە هەموو ئەو پڕۆژانەی جێبەجێ دەكرێن ئامانج لێی خزمەتكردنی هاووڵاتییانە" سەرۆك وەزیران وای گوت.

مەسروور بارزانی گوتی، هیوادارین خوای گەورە هاوكارمان بێت بۆ هەموو ئەو پرۆژانەی لە خەیاڵمانن جێبەجێیان بكەین، بەڵام تواناكانی ئێمەش وەك حكوومەت سنووردارن، بەتایبەتی لەم ماوەیە دا زۆر دژایەتی ئێمە كرا بۆ سنوورداركردنی كار و پرۆژەكانمان، بەڵام بەگوێرەی توانا ئابوورییەكانی حكوومەت دەمانەوێت كار و پرۆژەكان بگەیەنینە سەرجەم شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان.

"نامانەوێت وەڵامی هیچ كەس و لایەنێك بدەینەوە، ئەوەی لای ئێمە گرنگە ئاسودەبوون و سوودمەندبوونی هاووڵاتییانە، ئێمە خزمەتی هاووڵاتییان دەكەین، گرنگ نییە كەسێك خۆفرۆشبێت یان خاكفرۆشبێت یان تیرۆریستبێت یا بەكرێگیراوبێت، چۆن بیردەكاتەوە ئەمە كێشەی خۆیەتی، ئەوەی لای من گرنگە دایكی شەهید و خانەوادەی پێشمەرگە و هاووڵاتییەكی ئاسایی چۆن بیردەكاتەوە" سەرۆك وەزیرانی كوردستان وای گوت. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم